گۆڕان داواکەی نێردەی ئەمریکا ئاشکرا دەکات

چوار شەممە, 13 ئەیلول 2017 14:24

 

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شاندی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆتایی هات، له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامێكی ژووری دیبلۆماسی گۆڕان زانیاری زیارت ئاشكرا ده‌كات.

ئێوارەی ئەمڕۆ 13ی ئەیلولی 2017، برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بەداعش، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لەگردی زەرگەتەی شاری سلێمانی.

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەش، هۆشیار عومه‌ر ئه‌ندامی‌ ژووری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، به‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ راگه‌یاند: ماكگۆك پێی‌ وتوون: ‌پێویسته‌ ریفراندۆم له‌رێگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ دوابخرێت بۆ كاتێكی‌ دیكه و و گرەنتی سەركەوتنی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداش دەدات ‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ ژووری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وتیشی:‌ ماكگۆرك ئه‌وه‌شی‌ پێی‌ وتوون: هاتوون به‌هه‌موو لایه‌نه‌كان بڵێن دژی‌ ریفراندۆمن و پشتیوانی‌ باشكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن.


هۆشیار عومه‌ر ئاشكرایكر، نوێنەرەكەی ئەمریكا ئەوە راگەیاند كە هەفتەی داهاتوو ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنسا ئامادەن لەبارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لەنیویۆرك كۆببنەوە بۆئەوەی پشتیوانی گفتوگۆیەكی جدی لەنێوان هەرێم و بەغدا بكەن، بەمەبەستی داڕشتنەوەی چوارچێوەیەكی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا.

سەبارەت بەبۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەبارەی دواخستنی ریفراندۆمەوە، هۆشیار ئیسماعیل ده‌ڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتاوە داوای دواخستنی ریفراندۆمی كردووە، چونكە پێیوایە وڵاتانی دۆستی كورد، بەتایبەتی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ پڕۆسەكەدا نین، بۆیە لەئێستاشدا هەمان بۆچوونمان هەیەو دەمانەوێت بۆ كاتێكی گونجاو دوابخرێت.

 

ش.م