وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیایی ده‌دات

چوار شەممە, 13 ئەیلول 2017 14:45

 

له‌باره‌ی هاوڵاتیانی‌ ئه‌و ناچانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم كه‌ بڕیاره‌ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆمیان تێدا به‌رێوه‌بچێت، وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیایی ده‌دات و بەرپرسیارێتی روبەڕوبونەوەی پێشمەرگە لەگەڵ هەر هێزێکدا ده‌خاته‌ ئەستۆی لایەنی بەرامبەر.


لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەقه‌زای‌ شێخان، عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن‌و هۆشیاری نیشتمانی لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیانی ئەو جێگایانەی لەژێر چەتری پاراستنی هێزی پێشمەرگەدان، بەوەی ئەمنییەتی ناوچەکانیان پارێزراو دەبێ لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی ریفراندۆم.

به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ وتیشی: ئەگەر هه‌ر هێزێک بیەوێت رێگری لەبۆچونی خەڵکی کوردستان بکات، ئەوا دەبێت خۆی بەرگەی بەپرسیاریێتیەکە لەئاییندە بگرێت‌و عاقیبەتی ئەو جۆرە هەڵوێستانە لەئەستۆ بگرێت.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا عەمید هەڵگورد جه‌ختیكرده‌وه‌، ئەو پرۆسەیە بەئەمنیەت‌و بەرپرسیاریێتەوە جێبەجێ دەکرێت، هەوڵیش دەدرێت لەدەرەوەی چەتری پاراستنی پێشمەرگە جۆرە هاوئاهەنگییەک بکرێت، لەحاڵەتێکدا ئەگەر لایەنی بەرامبەر هاوکارمان بێت.

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن‌و هۆشیاری نیشتمانی لەوەزارەتی پێشمەرگە وتی: ئێمە بۆیە پەنامان بردۆتە به‌ر ریفراندۆم، بۆ ئەوەی بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێین: بەبێ شەڕ دەمانەوێت وڵاتێک دروست بکەین بەناوی کوردستان، بەرپرسیارێتی روبەڕوبونەوەی پێشمه‌رگه‌ لەگەڵ هەر هێزێک دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر، چونکە ئێمە باشترین رێگای ئاشتییانەمان هەڵبژاردووە.

 

ش.م