جەعفەر ئیمینکی: یوسف محەممەد پێیخۆشە بێتەوە پەرلەمان

پێنج شەممە, 14 ئەیلول 2017 04:42


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان رایدەگەیێنێت، یوسف محەممەد پێیخۆشە بگەڕێتەوە پەرلەمانی کوردستان و دەشڵێت "بەدڵنیاییەوە ئێوارەی رۆژی هەینی دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و دوو خاڵیش لە ئەجێندای کاری پەرلەمانە".

جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان بە رووداوی راگەیاند "بڕیار و رێککەوتنی ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی کورستان هەیە، بەڵام کۆبوونەوەکە پێویستی بە رێککاری یاسایی هەیە، کە دەبێت دوای 48 کاژێر لە بانگهێشتی کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، بانگهێشتەکە بەناوی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت، دانیشتنەکەش کراوەیە و داوا لە هەموولایەک دەکرێت بەشداربن".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان لەبارەی سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنەکە گوتی "یەکلایی نەبووەتەوە بە تەواوی کێ سەرۆکایەتی دانیشتەنەکە دەکات، جێگری سەرۆکی پەرلەمان یاخود بە تەمەنترین پەرلەمانتار، بەڵام ئاراستەکە زیاتر بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانە، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبێت ئەوا بەپێی مادەی 18لە پەیڕەوی ناوخۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان دانیشتەکە بەڕێودەبات".

جەعفەر ئیمینکی، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتنەکە لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان پارتی، یەکێتی و یەکگرتوو و بڕیاری پکێهاتەکان دەبێت، واژۆکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە زۆر لە رێژی یاسایی زیاترە، تاوەکو ئێستاش وەڵامی ئەرێنی-یان لەلایەن گۆڕانەوە بۆ نەهاتووە.

لەبارەی ئەجێندای دانیشتنەکەی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان روونیکردەوە، ئەجێنداکەی پەرلەمان دوو خاڵە.

یەکەم: بڕیاردان لە پشتیوانییکردنی گشتپرسی کوردستان.

دووەم: رەتکردنەوەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق کە ئەنجامدانی گشتپرسی رەتکردووەتەوە، نایاسایی و دەستوورییە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان راشیگەیاند، "تاوەکو ئێستا کۆمەڵ بڕیاری نەداوە بەشداری بکات، بۆیە لە دانیشتنەکەدا سکرتێرێکی کاتی بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، ئەوەی دیاریکراوە بێگەرد تاڵەبانی، لە فراکسیۆنی یەکێتی بە سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێدرێرت".

لەبارەی دوایین پەیوەندیان لەگەڵ یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیبراهیم وتی"ئەو رۆژەی لە سلێمانی بووین، پەیوەندی تەلەفۆنی مان هەبوو، داوای کرد یەکدی ببینین، راستی کاتە هاوکار نەبوو، خۆی داوایکرد گوتی ئێوە لە سلێمانین و لە خزمەت داین، وا تێدەگەم پێی خۆشبوو بەپێی رێککەوتن جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پەرلەمانی کوردستان و رۆڵی خۆی ببینێت".

هەروەها وتی "لەگەڵ سکرتێری پەرلەمان پەیوەندمان نەپچڕاوە و بەردەوام بووە، ئەو بە بزووتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە، کە دەبێت بگەڕێنەوە نێو پەرلەمان".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان پێیوایە "هەوڵەکان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوامە و نەگەیشتوونەتە بن بەست، جدییەتی یەکێتی، پارتی، یەکگرتوو و برادەرانی دیکە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرفەتی زیاتر دروست دەکات و وادەکات لایەنەکانی دیکە بەخۆیاندا بچنەوە بە تایبەتی گۆڕان".

ئیمینکی رەخنەی لە فراکسیۆنی گۆڕان گرت و وتی "فراکسیۆنی گۆڕان گرفتی زۆریان بۆ خودی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دروستکردووە هەموو فراکسیۆنەکانی دیکە زیاتر لە فراکسیۆنی گۆڕان هاوکار بوونە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان".

جەعفەر ئیمینکی رەتیکردەوە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمان لەسەر داوای بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئێوارەی رۆژی هەینی دواخرابێت و گوتی "ئەو قسەیە راست نییە، دانیشتەنەکە تەنیا پەیوەیست بووە بە 48 کاژێرەکە و بەپێی یاسای پەرلەمان بووە".