شاندێكى ئه‌مريكا سه‌ردانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌ليان كرد

پێنج شەممە, 14 ئەیلول 2017 04:53

شاندێكی ئه‌مریكی له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیان كرد.

شانده‌كه‌ پێكهاتبوو له‌ برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر و دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و "کین گرۆس" کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ وەفدی ئەمریکا بەوردی باسی دۆخی ناوچەکەو عێراق و سیاسەتی نێونەتەوەیی بەرامبەر کوردستان و ناوچەکە کراوه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لەمیانی باسەکاندا بۆچوون و پێشنیازی نوێ سەبارەت بە ریفراندۆم و گرەنتی مافە دیموکراسی و یاسایی و ئابوورییەکانی گەلەکەمان روونکرایەوە.

جێی ئاماژه‌یه‌، ئه‌و شانده‌ دوێنێ سه‌ردانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان كرد و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان، ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی دواخستنی ریفراندۆم تاوتوێكراوه‌ و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ی خۆی كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ سه‌ردانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی كرد و له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و هاوسه‌ری مام جه‌لال سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و پاڤێل تاڵه‌بانی كوڕی مام جه‌لال و لاهور جه‌نگی برازای مام جه‌لال پێشوازییان لێكرا.