لەبارەی دەستكاریكردنی پاشكەوتی مووچەوە زانیاریی نوێ ئاشكرا دەكرێت

سێ شەممە, 19 ئەیلول 2017 07:28

لیژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان زانیاریەكی نوێ لەبارەی مووچەی هێزەكانی پاسەوانانی سەربە وەزارەتی ناوخۆوە ئاشكرادەكات و بڕیاردەری لیژنەكەش تەئكید لەوە دەكاتەوە کە ئەو گۆڕانكارییەی لە پاشكەوتی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكاندا دەكرێت، بەزیانی مووچەخۆران دەشكێتەوە.

لەوبارەیەوە قادر رەزگەیی بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆو ئەنجومەنە خۆجێیەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە تۆری سلیمانیرایگەیاندووە: " ئەو سیستمەی  حكومەت بەنیازە بۆ مووچەخۆران كاری لەسەر بكات، بە تایبەتی مووچەی پاسەوانانی سەربە وەزارەتی ناوخۆو بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی دیكە، لەسەر یەك بنەما كاری پێدەكرێت، كە پێدانی مووچەی بنەڕەتییە لەگەڵ چەند دەرماڵەیەكی وەك هاوسەرگیریی و منداڵ‌و بڕوانامە.

وتوشێتی: "پێشتر مووچەی فەرمانبەران پاشكەوتی لەسەر كراوە، بەڵام كە لەئێستادا دەهێنرێتەوە پەرلەمان، حكومەت دەیەوێت پاشكەوتی مووچە كە پێشتر بە نایاسایی كاری پێكردووە، بكرێتە یاسایی و لەڕێی پەرلەمانەوە بەیاسا پاشكەوتی مووچە بكرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەماوەی رابردوودا كە پاشكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران پەیڕەوكراوە، راگەیەندرا کە ئەو سیستمە كاتییەو هەر كاتێك دۆخی دارایی حكومەت باش بوو و نرخی نەوت بەرزبۆوە، گۆڕانكاریی لە رێژەی مووچەدا دەكرێت.

بەڵام بەوتەی ناوبراو ئەوەی کە زیان بە مووچەخۆران دەگەیەنێت، ئەوەیە كە ئەگەر ئەو سیستمە نوێیەی مووچە لە پەرلەماندا پەسەند بكرێت، دەبێتە  سیستمێكی هەمیشەیی و بەهیچ شێوەیەك مووچە وەك پێشتری لێ ناكرێتەوەو  پاشكەوتی مووچەش دەبێتە یەكجارەكی.

رەزگەیی هەروەها دەڵێت: حكومەت دەیەوێت لەرێی پەرلەمانەوە چەند شایستەیەكی دارایی فەرمانبەران بەیەكجاریی ببڕێت و ئەو مافە بۆ فەرمانبەران نەگەڕێتەوە كە دواجار بەزیانی فەرمانبەران دەشكێتەوە.