حكوومەت فەرمانێك لە بارەی مووچەی فەرمانبەران دەردەكات

سێ شەممە, 19 ئەیلول 2017 12:14

 

بەپێی نوسراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی ژمارە1162ی سەرۆكی حكوومەت لە 6ی 6ی 2017 لیژنەی راژە پێكهاتووە كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێكهاتووە لە سەرۆكی فەرمانگەی كارگێری و دارایی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئەندامیەتی دوو شارەزای دارایی و راوێژكارێكی یاسایی .

ئەو لیژنەیە تایبەتە بە ئەژماركردنی خزمەتی فەرمانبەران و درێژكردنەوە یان درێژ نەكردنەوەی ماوەی خانەنشینی فەرمانبەران و گۆڕینی ناونیشانی فەرمانبەران.

هەروەها ئەركی لیژنەكە وەڵام دانەوەی سەرجەم ئەو نوسراوانه‌یە كە لە وەزارەتەكانەوە ئاڕاستەیان دەكرێـت كە تایبەتە بە ڕاژەی فەرمانبەران لە نێو داموو دەزگاكانی حكوومەت .

ئەو لیژنەیە لەسەرپرسی دامەزراندنیش دەتوانێت بڕیار بدات بە تایبەت بۆ پرسی میلاك و هەبوونی میلاكی بەتاڵ لە فەرمانگەكاندا.

لە یەكێك لە بڕیارەكانی ئەو لیژنەیە كە باس بڵاویكردۆته‌وه‌ ئاماژە بە درێژكردنەوەی ماوەی خانەنشینی فەرمانبەرێك كراوە بۆ 2 و ساڵ و 8 مانگی تر، ئەویش لەسەر داوای فەرمانبەرەكە چونكە ئەمساڵ پێویست بوو خانەنشین بكرێت، بەڵام ماوەكەی بۆ درێژكراوەتەوە.

یەكێك لە ئەندامانی لیژنەكەش به‌هه‌مان سه‌رچاوه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌: لێژنەكە بۆ رێگریكردنە لە ناعەدالەتی پرسی سەرمووچە و بەرزە مووچە و درێژكردنەوەی ماوەی خزمەت و كاروبارەكانی تر كە پەیوەندیدارە بە راژەی فەرمانبەران.

پێشووترلە ساڵی ٢٠١١ دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەی یاسای ئەنجومەنی راژەی رەوانەی پەرلەمانكرد و پەرلەمانیش بریاری لەسەردا. بەڵام تاوەكو ئێستا ئەم ئەنجومەنە دانەمەزراوە، چاوەڕوان دەكرێت دامەزراندنی لیژەی راژە بەشێك بێت لە هەنگاوی دروستكردنی ئەنجومەنەكە. 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 305 هەزار مووچەخۆری هەیە، كە زیاتر لە 700 هەزاریان فەرمانبەرن لە داموو دەزگاكاندا.

م-ع-كانی