ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی: ریفراندۆمی هەرێم ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوە

هەینی, 22 ئەیلول 2017 07:13

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی لە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەربڕی و داواش دەكات هەرێم و بەغدا بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لە بڕیاری تاكلایەنەی حكومەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەفتەی داهاتوودا كە ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوە.
لەو بەیاننامەدا هاتووە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە كە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا كە كورد ڕۆڵێكی گرنگی تێدا بینیوە بەردەوامە، ئەوەش ئەگەری هەیە هەوڵەكان لاواز بكات بۆ گەڕانەوەی سێ ملیۆن ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەردەوام ڕێز لە سەروەری و یەكپارچەیی و یەكگرتوویی خاكی عێراق دەگرن و داواش لە حكومەتی هەرێم و عێراق دەكەن كە لە چوارچێوەی دەستور و بە دیالۆگ كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، ئەویش بە پشتگیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئەم بەیاننامەیەی ئەنجومەنی ئاسایش لە كاتێكدا پێشتر نەتەوەیەكگرتوەكان دەستپێشخەریەكی خستە بەڕدەم هەرێمی كوردستان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ عێراقدا بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان.
پێشتریش هەریەكە لە وڵاتانی ئەمەڕیكا و و فەرەنسا و توركیا و ئێران و سعودیە داوایان لە حكومەتی هەرێم كردبوو ڕیفراندۆم ئەنجام نەدات.