حکومت لەهەوڵی کەمکردنەوەی نرخی بەنزیندایە

هەینی, 22 ئەیلول 2017 07:27

 

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەخرێتەڕوو، بەرپرسیکی حکومیش دەڵیت، لە هەوڵی دابەزاندنی نرخەکەدان.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر بە وەکالەت، ڕایگەیاندوە: "بەدواداچوونمان بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین کردووە، ھۆکاری گرانبوونەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پاڵاوگەی کەورگۆسک ڕێژەی بەرھەمھێنانی بەنزینی کەم بووەتەوە و ئێستا وەک پێشتر نییە".

ئەوەشی خستە ڕوو، کە پارێزگاری ھەولێر بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و جێگیرکردنی نرخی بەنزین، لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکاندا، لە گفتوگۆدایە.

پێشتر بۆ ھاوردەکردنی بەنزینی نۆرماڵ ڕێگری لە کۆمپانیا بازرگانییەکان دەکرا، تەنیا ڕێگەیان پێ دەدرا کە بەنزینی (سووپەر، موحەسەن) ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن، لەم بارەیەوە نەبەز عەبدولحەمید، بە سایتی باسی وتوە: "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕەزامەندی دەربڕیوە، کە بەنزینی نۆرماڵیش ھاوردە بکەن".


ئێستا بەشێکی زۆری ھاووڵاتییان ئێستا بەنزینی نۆرماڵ بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بەکار دەھێنن، قایمقامی ھەولێر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "ھیوادارم بتوانن نرخی بەنزین زۆر کەمتر لە نرخی جارانی کە 600 دینار بوو، داببەزێنن و جێگیری بکەن".


ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی بەنزین لە شاری ھەولێر بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، بە شێوەیەک لە ھەندێک لە بەنزینخانەکاندا، ھەر لیترێکی بەنزینی نۆرماڵ، نرخەکەی لە 700 دینار زیاتر بووە.