تاڵه‌بانیه‌كه‌ی یه‌كگرتوو لوغمێكی سامناك له‌كه‌ركوك پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌

یەک شەممە, 24 ئەیلول 2017 11:43

 

رۆژنامه‌نوس و به‌رپرسێكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامی لوغمێكی مه‌ترسیداری له‌ كه‌ركوك پوچه‌ڵ كردۆته‌وه‌و داوا ده‌كات: هه‌موو لایه‌ك به‌ ئەم نەبەردییە بزانن و بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ "ئەم مێژووە دەبێ بە ئاوی زێر بچێتە نێو لاپەڕەكانی مێژووی كورد و كوردستانەوە".

ئاریان فه‌ره‌ج، كه‌ سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌و پێشتر به‌رپرسیاریه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌بوو ئه‌وه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌: لوغمە سامناكەكەی كەركوك چۆن پوچەڵ كرایەوە!! ، دوێنێ شەو كەركوك لە ژووری ئینعاشی چارەنوسدا بوو، لە لێواری لەدەستچوندا بوو، قاسمی سلێمانی لەوێ بوو، یەك یەك نەك بە كۆمەڵ ترسنۆكەكانی ناچار بە دەركردنی بەیاننامەی دژایەتی ریفراندۆم دەكرد.

ئاشكراشی كردووه‌: پیلانی ترسناكیان ئەوە بوو، رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی كەركوك لەژێر هەڕەشەی میلیشیادا، ناچار بە گرێدانی كۆبونەوەی مەجلس بكەن، دەنگی ئەندامانی یەكێتی بخەنە پاڵ دەنگی جەبهەی توركمانی و كوتلەی عەرەبی و بە زۆرینەی دەنگ ئینقلابێكی مێژوویی بەسەر كوردستانیەتی كەركوكدا بكەن. ریفراندۆم بە رەسمی و بە ناوی خەڵكی كەركوكەوە رەتكەنەوە، دكتۆر نەجمەدین لەسەر كار لاببەن و یەكێك لە ئینقلابچییەكان بخەنە جێگەی . 

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: رێبوار تاڵەبانی نەچووە ژێر بار، كوڕە گەنجێكی مەرد و سەر راست لەگەڵ خودای خۆی، لەگەڵ نیشتمانی خۆی، لەگەڵ كەركوكی خۆی، لەژێر هەڕەشەی تا حەددی مەرگدا ،خۆی راگرت و بەقسەی نەكردن. ئامادەنەبوو كۆبونەوەكە بكات. فرمان و داوای مه‌سعود بارزانی قبوڵ كرد و بە پشتی قارەمانانی كوردپەروەر، كۆسرەتی پێشمەرگە و نەجمەدینی پێشمەرگە و شێخ جەعفەری پێشمەرگە، دەرگای هۆڵی ئەنجومەنی بە رووی قاسم سلێمانی و خۆفرۆشاندا داخست و بە خۆی و كلیلەكەیەوە خۆی لەچاو ون كرد .  

ناوبراو كه‌ ئه‌ندامی ژووری عه‌مه‌لیاتی پارتیه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌: دوێنی شەو كەركوك درێژترین شەوی عومری تێپەڕاند، سەرۆك و قارەمانانی كەركوك خەو نەچووە چاویان، گەورەترین نەبەردییان لە مێژووی كورد و كوردستاندا تۆمار كرد. نەیانهێشت كەركوك لەدەست بچێت. نەیانهێشت خوێنی شەهیدانمان بەهەدەر بچێت. نەیانهێشت نائومێد بین. 

له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێت: لوغمەكە پوچەڵ كرایەوە و كەركوك و كەركوكییەكان سەركەوتن. ئەمڕۆ هەموان لێره‌ن ، سبەینێش هەموان لەسەر سندوقی دەنگدان ، با ئەم نەبەردییە بكەینە یەك لەو وانە پیرۆزانەی سبەی بە مناڵانمانی بڵێینەوە، پێیان بڵێین دەوڵەتەكەتان بەنێو ئەو هەموو لوغم و پیلان و ناپاكی و نەهامەتییەدا تێپەڕی و لەدایك بوو. قەدری بزانن.

م-ع-كانی