كاندیدەكەی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

پێنج شەممە, 05 تشرینی یەکەم 2017 07:24

سەرەڕای كۆتایی هاتنی وادەی تۆماركردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، تائێستا پارتی هیچ كاندیدێكی دیارینەكردووە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت: بەدڵنیاییەوە كاندیدمان بۆ سەرۆكی هەرێم دەبێت و جارێكی دیكەش بارزانی كاندید دەكرێتەوە.

عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆری سلێمانی راگەیاند: تائێستا كاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم تۆمار نەكردووە، بەڵام لەگفتوگۆداین بۆئەوەی كاندیدێكی باش و لێهاتوو دەستنیشان بكرێت.

وتیشی: "بەدڵنیاییەوە وەكو پارتی كاندیدمان دەبێت بۆ سەرۆكایەتی هەرێم".

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ ئەو وادەیە كۆتایی هات، كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بۆ پێشكەشكردنی كاندید پۆستی سەرۆكی هەرێم دیاریكرابوو.

لەماوەی رابردوودا، مەسعود بارزانی چەندجارێك ئاماژەی بەوەكردووە، كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید ناكاتەوە، لەوبارەیەشەوە عارف تەیفور وتی: "راستەی وای وتووە، بەڵام رەنگە لەئەنجامی فشاری ناوخۆیی پارتی و لایەنەكانی دیكە داوای لێبكرێت، جارێكی دیكە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید بكاتەوە".

وتیشی: "پێویستە وادەی تۆماركردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم درێژ بكرێتەوە، چونكە ناكرێت تەنها یەك كاندید هەبێت، مانای وایە بەتەسفیە یەكلایی دەبێتەوە".

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارتی رایگەیاندوە، كە "مەسعود بارزانی كاندیدی پارتی دەبێت بۆ سەرۆكایەتی كۆماری كوردستان، یانیش خودی مەسعود بارزانی كەسێك لە نێو پارتی دیاری دەكات كە ببێتە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم، ئەمەش تا دەگەینە راگەیاندنی كۆماری كوردستان".

لەلایەن خۆشییەوە، كاكە مین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا بێئاگایی خۆی دەربڕی لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و رایگەیاند: هەرچەندە هیچ بڕیارێك نەدراوە، بەڵام پێموایە هەڵبژاردن دوادەخرێت.