مستەفا عەبدوڵا: بەتەبایی نێوان لایەنەسیاسیەكان دەگەینە ئەنجامێكی گونجاو

پێنج شەممە, 12 تشرینی یەکەم 2017 06:57

 

كوردیو ـ هەڵەبجە ـ حەیدەر حەمەصاڵح

 

لەپێناو گرنگیدان بەیەكخستنی نێوماڵی كورد یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرەدەوامە لەهەوڵەسیاسی و دیپلۆماسیەكانی، ئەندامێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووش ڕایدەگەیەنێت: لایەنە سیاسیەكان گەشتونەتە ئەو بڕوایەی كەهەناسەكانی یەكگرتوو هەناسەیەكی دڵسۆزانەو نەتەوەیی نیشتیمان پەروەرانەیە.

 

مستەفا عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ كوردیو ڕایگەیاند: پێكهاتەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەجۆرێكە لەهەرشوێنێك پرسی نیشتیمانی و ئاشتەوایی و نەتەوەیی و یەكخستنی هێزەكان پێویستی پێی هەبێت ڕۆڵی خۆی دەبینێت، كاتێك هەست دەكەین هەنگاوێكی گەورەمان ناوە بۆسەربەخۆیی و ڕیفراندۆممان ئەنجام داوە، بەڵێیەكمان كردوە لەئاستی دونیایدا ڕامانگەیاندوە كەئێمە سەربەخۆییمان دەوێت، هەموو دونیامان هێناوەتە سەرخەت باس باسی بەڵێ و ڕاپرسیەكەی كوردە دەبێت یەكگرتوو ڕۆلی هەبێت.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند: لەكاتێكدا ناوماڵی خۆمان درز و دابڕانی هەبێت دوژمنان بیانەوێت سودی لێببینن بەهۆی دووریەوە یەكگرتوو دەیەوێت ڕۆڵێك بگێڕێت بۆنزیكردنەوە، یەكگرتوو دەیەوێت ڕۆڵێك بگێڕیـَت كە تەبایی بگێڕێتەوە بۆ بەینی كارەكتەرە سیاسیەكان بۆ ئەوەی پێكەوە ڕوبەڕوی قۆناخی ئایندە ببینەوە .



ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی جێبەجێ‌ كردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: دەمانەوێت لەپرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكاندا كارەكتەرێكی كارا بین بۆسەرخستنی پرۆسەكە پێشمان وایە بەتەبایی نێوان هێزەكان دەگەینە ئەنجامێكی گونجاو، ئەگەر سەیری مێژوو بكەین و هەر فرسەتێك كە بۆ كورد هاتبێتە پێش و سوودی لێوەرنەگیرا بێت و كێشەیەكی ناوخۆیی یان درزێك بوبێت نەیارەكانمان سوودیان لێبینیوە و لەئەنجامدا لەپرسە نیشتیمانیەكاندا بۆ دواوە گەڕاوینەتەوە بۆیە یەكگرتوو دەیەوێت ئەوە چارەسەر بكات و ئەو فرسەتە لەدەست نەدات.

 

سەبارەت بە پرسی ئەوەی ئایا یەكگرتوو لەئێستادا بۆتە كارەكتەرێكی دیاری گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە مستەفا عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وتی:" بەو پێیەی كە یەكگرتوو خاوەنی سەرمایەیەكی مرۆیی چالاكە و ئەقڵی بەتوانایە، لایەنە سیاسیەكان گەشتونەتە ئەو بڕوایەی كەهەناسەكانی یەكگرتوو هەناسەیەكی دڵسۆزانەو نیشتیمان پەروەرانەیە و لەگەڵ هەموو ڕكابەرەكانیشی مامەڵەیەكی جوان و مرۆیانە دەكات بۆیە خەڵك چاوی ئومێدی لێیەتی".

 

وتیشی: " یەكگرتوو بۆتە كارەكتەرێكی كارای سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و كاریگەری لەسەر كۆی پرسەكە هەیە ئەگەر یەكگرتوو بە جدی پشتگیری ڕیفراندۆمی نەكردایە بۆی هەیە ئەو ئەنجامە ئەرێنیەی نەبوایە بۆیە ئێستە كارەكتەرێكە لەسەنتەری سیاسی هەرێمی كوردستاندا قسەی خۆی دەكات پێشنیارەكانی ئاڕاستە دەكات وبۆچونەكانیشی بەگەورەو ئەرێنیوەردەگیرێت ".

 

 

 

 

 

س ب