كوالێتی بەنزینی وێستگەكان خراپتربووە و لیژنە پەیوەندیدارەكانیش بێدەنگن

پێنج شەممە, 12 تشرینی یەکەم 2017 10:48


كوردیوـ سلێمانی ـ نیاز فاروق


ئەو بارودۆخەی كە پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی 25 ی ئەیلولدا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم دروست بوو كاریگەری لەسەر زیاتر خراپ بوونی كوالێتی بەنزینی وێستگەكانی سوتەمەنی دروستكردوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لەو پرسەدا تاڕاددەیەك بێدەنگیان هەڵبژاردوە.


سۆران عەبدولغەفور ، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە وەڵامی پرسیاری بەدواداچوونی چاودێری بازرگانی بۆ چاودێری كردنی وێستگەكانی سووتەمەنی وتی" لە ئێستادا چاودێری بازرگانی سلێمانی هیچ پەیوەندیەكی بە لێپرسینەوە و چاودێریكردنی وێستگەكانەوە نەماوە و ئەوپرسەمان سپاردوە بە لیژنەكانی قایمقامیەت ".


كوردیو پەیوەندی كرد بە ئەندامێكی لیژنەی سوتەمەنی لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی " لیژنەكەمان بەردەوامە لە پێدانی ڕێنومایی بە وێستگەكان و سەردانیان دەكرێت بۆ دڵنیابوون لە شیاوی جۆری بەنزین كە دەفرۆشرێتە شۆفێران".


سەبارەت بە سزادانی ئەو وێستگانەی كە ئەم دۆخەیان قۆستوەتەوە بۆ فرۆشتنی بەنزینی خراپ بە شۆفێران ئەو ئەندامەی لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەت هیچ داتا و زانیاریەكی پێویستی نەدایە كوردیو.


لە لایەكی دیكەوە لە لێدوانێكی پێشووتری بۆ كوردیو (د. غالب موحەمەد)، سرۆكی لیژنەی ووزە و سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی" لیژنەكەمان بەردەوام دەبێت بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە و ڕێگری كردن لە هاوردەكردنی سوتەمەنی كوالێت نزم بەڵام نایشارینەوە بەهۆی ئەو دۆخەی لە خاڵە سنوریەكاندا دروست بووە بەدواداچوونەكان وەك پێش ڕیفراندۆم نەماوە".

أ.س