حەشدی شەعبی کوژرانی فەرماندەیەکی گەورەی لەلایەن پێشمەرگەوە راگەیاند

چوار شەممە, 18 تشرینی یەکەم 2017 08:30

وتەبێژی حەشدی شەعبی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لە نزیک بەنداوی موسڵ لە باکووری شارەکە راگەیاند.

ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی ئەحمەد عوبەیدی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەواڵگری حەشدی شەعبی کە ناسراوە بە "ئەبو یاسر" راگەیاند.

وتەبێژی حەشدی شەعبی دەڵێت، ئەبو یاسر لەڕێگەی رێگەگرتن لە رووبەڕووبوونەوەی "پیلانەکان" کوژراوە، کە بەگوتەی ئەو "کۆتا پیلانگێڕی هەوڵی دابەشکردن و جیابوونەوە" بووە.

رۆژی سێشەممە 17-10-2017 لە نزیک بەنداوی موسڵ شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی روویدا، بەگوتەی فەرماندەکانی پێشمەرگە هەشت چەکداری حەشد کوژراون و پێشمەرگەیەکیش شەهید بووە.

شێخ عەلی روومانی، فەرماندەی پێشمەرگە لە رۆژئاوای دیجلە بە رووداوی راگەیاند، لەبەرئەوەی بەبێ هاوئاهەنگی پێشوەخت حەشدی شەعبی نزیکبوونەوە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ئەسکی موسڵ، بووەتە شەڕەقسە لەنێوان هەردوولا، لە ئەنجامدا شەڕ دروستبووە، بەو هۆیەوە هەشت چەکداری حەشدی شەعبی کوژران، کە یەکێکیان پلەدار بووە، پێشمەرگەیەکیش شەهید بووە و چوار پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

پێش کوژرانی، ئەحمەد عوبەیدی لە فەیسبووکی خۆی چەند پۆستێکی لەبارەی هێرشی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کوردستانییەکان کردووە و دەڵێت "بەڕێگەوەین بەرەو بەنداوی موسڵ، ئەوانەی هەوڵی جیابوونەوە دەدەن ئێستا لەدەستمان هەڵدێن.. سەرکەوتن بەسەر بارزانی دەستکەوتێکە لە دەستکەوتەکانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا".