كۆسره‌ت ره‌سوڵ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

چوار شەممە, 18 تشرینی یەکەم 2017 09:29

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە.

ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە ئازا و گیان لەسەردەستی كوردایەتی

لای هەمووان ئاشكرایە كە كوانووی خەباتی گەلەكەمان لە مێژووی دەیان ساڵەی تەمەنیدا لەپێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و شەرەفمەندانە بە بەردەوامی بڵێسەی سەندووە و نەوە لە دوای نەوە پەیامی پیرۆزی خۆی گەیاندووە , هەتا ئەمڕۆ كە گەیەندراوەتە دەستی ئێمە لەو پێناوەشدا چەندین سەركردەی جوامێر و دەیان هەزار لاو و مێرخاسی خۆی كردۆتە قوربانی و بە سەربەرزی یەوە لاپەڕەكانی مێژووی پێ نەخشاندووە .

تا ئەو ئاستەی ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە گەلی كوردستان لەجیاتی هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا لە بەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆریستی وەستایەوە و هەرەسی بەو پلانە گڵاوەیان هێنا كە دەتوانن ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بوەستێنن و بمانگێڕنەوە بۆ چاخی بەردین وسەردەمانی جاهیلیەت .ئێستا لە كاتێكداكە ناو و ناوبانگی جوامێرانەی پێشمەرگەی كوردستان بە جوانی لە گوێ ی تەواوی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی دونیا دەزرنگێتەوە و كەسانێك نەماوە لە م جیهانە بەرینەدا ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لەسەر زار نەبێت , لە پاداشتی ئەوەدا گەلی كوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەدابوو كە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و دۆست و هاوپەیمانەكانمان لە جیهان و ناوچەكە بۆ بونیادنانی ئایندەیەكی گەشتر بۆ نەوەكانی داهاتوومان , گوێمان لێبگرن و ڕێز لە ئیرادەی میللەتەكەمان بگرن , بەڵام مەخابن لە بری ئەوە ڕووبەڕووی گەلەكۆمەیەكی هەمەلایەنەیان كردینەوە و جارێكی تریش ئەو ڕاستیەیان سەلماندەوە كە ( نەتەوەی كورد بێجگە لە چیاكانی خۆی هیچ دۆستێكی تری نیە ) , بە جێهێشتنی گەلەكەمان بە تەنها لەبەردەم هێرش و پەلاماردانەكانی میلیشیا ی حەشدی شەعبی و یەكەكانی سوپای عێراق و ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابووردوو لەكەركوك وناوچە كوردستانیەكانی تر و قەتلوعامكردنی هاوڵاتیانی كورد لە شاری دوزخورماتوو و جێگاكانی تر و دەركردنیان و سوتاندنی ماڵوحالیانو بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانیان بێجگە لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەنفالێكی تری كورد لەسەر زێدی بابو باپیری خۆی هیچ خوێندنەوەیەكی تر هەڵناگرێت .

بەڵام ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە .

دڵسۆزانو غەمخۆرانی كوردایەتی

ئێمە وەك خۆمان بە شاهیدی هەموو لایەك لەوەی هێزمان بەسەریدا شكا و لەدەستمانهات بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی پیرۆزی كوردستان لە كەركوك و جێگاكانی تر و بە ئامانجی لەدەستنەدانی دەستكەوتە ستراتیژیەكانی گەلەكەمان ئەنجاممان داو درێغیمان نەكرد , بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێ ی دەوروبەر , نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت .

سەرباری هەموو ئەوانەش ئەگەرچی زیانەكان لەڕووی لەدەستدانی دەستكەوتی نەتەوەییەوە لە ئێستادا زۆر گەورەن و ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركوك و دوز و هەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەكانی تری گەلەكەمان ئەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتی, بەڵام پێمان وایە كە ئەمە كۆتایی ڕێگا نیە و ئیرادەی ئازادیخوازانەی كورد لەگەڵ ئەم جۆرە كەوتنانە دەست و پەنجەی نەرمبووە بۆیە هەڵسانەوە وچوونەوە پێش كارێكی زەحمەت نیە , ئێمەش بۆ ئەو ئامانجە هەمیشە پێشمەرگەی بەوەفای ڕێبازی شەهیدانین و وورەمان وورەی ڕۆژگارەسەختەكانی خەباتە و لەهەر كاتێكی تر جەسوورانەتر و دڵسۆزانە تر و بە بیر و هۆشێكی كراوەترەوە شان دەدەینە بەر ئەو ئەركە مێژووییەی كە خەباتی گەلەكەمان و خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدەكانمان پێیان سپاردووین .
لێرەشەوە بانگەشەی تەواوی هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكەم هەرچی زووە هیممەت بكەین و ناوماڵی خۆمان ڕێكبخەینەوەو عیبرەت لە ڕووداوەكان وەربگرین , یەكڕیزی گەلەكەمان بپارێزین و تۆكمەی بكەین , چونكە تەنها و تەنها ئەوە تاكەڕێگای هێزدانەبەری خەبات و كوردایەتی یە .

دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان
بژی كورد، بژی كوردستان


كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
18/10/2017