ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی سێوێكی له‌تكرد قسه‌ی خۆی هه‌یه‌

یەک شەممە, 22 تشرینی یەکەم 2017 13:26

 

ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارو دیبلۆماتكاره‌ی كه‌ به‌ پیاوی پشت زۆرێك له‌ روداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شۆرشی وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوده‌برێت و له‌سه‌روبه‌ندی پێش ئه‌نجامدانی گشتپرسی له‌لای بارزانی چه‌ند جارێك ده‌ركه‌وت و به‌ نه‌خشه‌دانه‌ری روداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش داده‌ندرا په‌یامێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان .

بێرنارد هێنری لیڤی، سیاسه‌تمه‌دار و نوسه‌ری ناوداری فه‌ره‌نسی له‌ئێستادا كه‌ نزیكه‌ی مانگێك تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گشتپرسی و هه‌رێم روبه‌روی چه‌ند كێشه‌و قه‌یران و ئاڵۆزیه‌ك كراوه‌ته‌وه‌ له‌ په‌یامێكیدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو: كورده‌كان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوون دڵسۆزی و به‌رزنرخاندن له‌وكارانه‌یان بگیرێت كه‌ له‌ 2014ه‌وه‌ دژ به‌ تیرۆرستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌ڵام خیانه‌تی گه‌وره‌یان به‌رانبه‌ر كرا .

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ فه‌ره‌نسیه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: كورده‌كان باوه‌ڕیان به‌دیموكراسی هه‌یه‌، به‌ڵام كوردستان خرایه‌ سه‌ر سینیه‌ك و پێشكه‌ش به‌ عه‌بادی و ئه‌ردۆگان و خامه‌نه‌یی و ئه‌سه‌د كرایه‌وه‌ .

له‌باره‌ی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو كه‌ به‌راورده‌ به‌ ئیسرائیل له‌ ساڵی 1948 كاتێك ده‌وره‌ دراوه‌ به‌چه‌ند ده‌وڵه‌تێك و ئه‌ویش ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌ "دوژمن و لاده‌ر" ناوده‌بات .

لیڤی، به‌پیاوێكی ترسناك له‌روداوه‌كان ناوی هێندراوه‌و ته‌نانه‌ت چوبێت بۆ هه‌ر وڵاتێك ده‌ورتێت له‌و وڵاته‌ شه‌ڕو و وێرانكاری رویداوه‌و خۆیشی گه‌یاندۆته‌ شۆڕشگێره‌كانی یه‌مه‌ت و لیبیاو میسرو سوریاو چه‌ندین وڵاتیتری ناوچه‌كه‌ .

ئه‌و پیاوه‌ له‌وێنه‌یه‌كدا له‌ته‌نیشت بارزانی ده‌رده‌كه‌وێت و چه‌ند سیاسه‌تمه‌دارێكی كوردو بیانیش له‌ده‌وریانن و بارزانیش خه‌ریكی له‌تكردنی سێوێكه‌.

لیڤی له‌سه‌ر ریفراندۆم ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: له‌ راستیدا كارێكی باش بوو ریفراندۆم، به‌دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌نگدراو به‌پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو .

م-ع-كانی