لاھور شێخ جەنگی: جێگەی قبوڵکردن نیە سەعدی پیرە بەناوی یەکێتیەوە لێدوان بدات

دوو شەممە, 23 تشرینی یەکەم 2017 05:03

لاھور شێخ جەنگی نەرپرسی دژەتیرۆری یەکێتی رایدەگەیەنێت “رەخنە لە خۆم دەگرم کە بە بەڵێ دەنگم دا بۆ ریفراندۆم، تا دواساتەکانی بەر ئەنجامدانی ریفراندۆم پێموابو ریفراندۆم کوردستان بەرەو شکستی گەورە دەبات و ناوچە دابراوەکانمان لەدەستدەچێت بەلام گوێیان لێ نەگرتم”.

لاھور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری، ئێوارەی دوێنێ لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەشاری سلێمانی رایگەیاند ھیچ ریکەوتنێکیان لەگەڵ عێراق نەکردوە تەنھا پێشنیازیان کردوە ھێزەکانی ھاوپەیمان بچەنە سەربازگەی کەیوان لەکەرکوک، ئەو وتی “کۆبونەوەکەی دوکان لەگەڵ پارتی بۆ ئەوە بو کە پارتی‌و یەکێتی لەسەر ئەم پێشنیازە رازی بن، بەڵام مەسعود بارزانی لە کۆبونەکەدا وتبوی حکومەتی عێراق تەنھا ھاشوھوش دەکات و ناتوانن ھێرش بکەن”.
لاھور وتیشی “پێش ھێرشەکان بە بەردەوامی لەگەڵ برێت ماکگۆرگ لەسەر خەت بوین و پێوتین شەر لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق مەکەن، چونکە ئەوەی یەکەم تەقە بکات ئەو تاوانبارە”.
ناوبراو باسی لەوەش کرد ئەوەی رویدا ھیچی کەمتر نیە لەئاشبەتاڵی ١٩٧٥و بەداخەوە راوێژکارەکانی مەسعود بارزانی میلەتیان گەیاندە ئەم حاڵە.
سەبارەت بەلێدوانەکانی سەعدی پیرەش وتی “لای ئێمە جێگەی قبوڵکردن نیە سەعدی پیرە بەناوی یەکێتیەوە لێدوان بدات، ئەو سەردەمە تەواو بوو چیتر رێگە نادەین چەند کەسێکی بێ دەسەڵات و کەمینە یەکێتی بکەن بەکلکی پارتی”.
لاهور جەختی لەوەش کردوە لەماوەی دوو مانگدا کۆنگرە دەبەستن و تەواوی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەکۆمەڵێک گەنج‌و خوێنی تازە نوێ دەکەنەوە، بۆ لەمەو دواش ئەنجومەنی ناوەند جالاکتر دەکەن. ئەو وتی “جارێکیتر لەناو یەکێتیدا متمانە نادەینەوە ئەو ھەڤاڵانەی ریفراندۆمیان کرد”.
وتیشی “رەخنە لە خۆم دەگرم کە بە بەڵێ دەنگم دا بۆ ریفراندۆم، تا دواساتەکانی بەر ئەنجامدانی ریفراندۆم پێموابو ریفراندۆم کوردستان بەرەو شکستی گەورە دەبات و ناوچە دابراوەکانمان لەدەستدەچێت بەلام گوێیان لێ نەگرتم”.

سەبارەت بە چارەسەری دۆخەکەش، وتی “من یەکێکم لەو کەسانەی پشتگیری لەلامەرکەزیەت ئەکەم و حکومەتی ئێنتقالی بەچارەسەرێکی گونجاو دەزانم لەبەرئەوەی تاکە چارەسەر بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە ئەوەیە حکومەتی ئێنتقالی لەو کەسانەی ناو حیزبەکان پێکبھێنرێت کە بانگەشەیان بۆ ریفراندۆم نەکرد بۆ ئەوەی بچەنە بەغداو لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکەن”.
لاھور شێخ جەنگی رەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کردو وتی “ئەنجومەنی پاراستنی ئاسایش ھیچ رۆڵێکی نیە مەسرور بارزانیان کردوە بەسەرۆکی و پارەیەکی زۆری لەحکومەتی ھەرێم بۆ تەرخان دەکەن، کردویانە بە پاراستنی دووەم و بۆ بەرژەونەدیەکانی خۆیان بەکاریدەھێنن”.