عه‌بادی مژده‌ی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێیه‌و مه‌رجی ره‌وانه‌كردنی پاره‌ی ئاشكراكرد

سێ شەممە, 24 تشرینی یەکەم 2017 21:18

 

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: له‌داهاتویه‌كی نزیكدا له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ ده‌كه‌ن و خزمه‌تگوزاریه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئاشكراشی كرد: ئاماده‌ن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن دوای ئه‌وه‌ی نه‌وت و ده‌روازه‌كان  راده‌ستكرانه‌وه‌و وردبینیش له‌ناوی فه‌رمانبه‌ران كران .

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: دوای تۆماركردن و وردبینیكردنی ناوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ، ئاماده‌ین موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بده‌ین و ره‌وانه‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی ده‌كه‌ین .

عه‌بادی وتیشی: له‌ئایینده‌یه‌كی نزیكدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم ده‌كه‌ین و خزمه‌تگوزاریه‌كانیان بۆ ده‌گه‌رێنینه‌وه‌و ئه‌وه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدا بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین .

وتیشی: ده‌بێت نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی عێراقی بكرێته‌وه‌و ئابوری عێراق و هه‌رێم بگه‌یه‌ندرێته‌ كه‌نارێكی ئارام و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق بچێته‌ ناو دام و ده‌زگاكانی چاودێری هه‌رێم تاوه‌كو چاودێری و وردبینی بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوام له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ میكانیزمێك ئاماده‌بكرێت به‌مه‌به‌ستی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌ته‌واوی .

م-ع-كانی