ئه‌و پێنج هەزار پێشمەرگەیه‌ی بارزانی دایمەزراندبوون به‌چه‌كه‌كانیانه‌وه‌ چوونە ریزی سوپای عیراقەوە

چوار شەممە, 25 تشرینی یەکەم 2017 13:05

 

ئەو هێزانەی كە لەلایەن بارزانییەوە بۆ عەرەبەكانی دەشتی نەینەوا دامەزرێنران و ژمارەیان پێنج هەزارە، لە كاتی هاتنی سوپا و حەشدی شەعبیدا بۆ ناوچە دابڕێنراوەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا بە تەواوی هێزەكانیان و كەلوپەلە سەربازییەكانیانەوە چوونەتە نێو سوپای عێراقەوە.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا و بە بڕیاری بارزانی و لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نزیكەی پێنج هەزار چەكدار لە سلكی هێزەكانی زێرەڤانی و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ عەرەبەكانی دانیشتووی دەشتی نەینەوا و شنگال و سنونێ ڕەبیعە دامەزرێنران، لە ئێستادا تەواوی ئەو هێزانە چوونەتە پاڵ سوپای عێراق و فەرمان لە بەرپرسانی سوپای عێراقەوە وەردەگرن.

ساڵح گەرگەری، كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی رایگەیاندووە "تەوای ئەو هێزانەی لە ماوەی ڕابردوودا پارتی بۆ عەرەبەكانی زوممار و شنگال و سنونێ و دەشتی نەینەوا دایمەزراندبوون پەیوەندییان بە حكومەتی هەرێمەوە نەماوە".

له‌لایه‌ن ئاژانسه‌وه‌ ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕوو: ئەو ‌هێزانە بەر لە هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەگەڵیان ڕێك كەوتوون، بۆیە لەگەڵ هاتنی ئەواندا ئەو پێنج هەزار پێشمەرگەیە كە بارزانی دایمەزراندبوون نە ڕووبەڕووی هێزەكان بوونەتەوە نە كشاونەتەوە.

كارگێڕه‌كه‌ی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی وتویه‌تیشی :"ئەو هێزانە كە دامەزرابوون زیاتر لە سێ هەزار و 700یان سەر بە سلكی زێرەڤانی بوون، هەزار و 200 پێشمەرگەیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بوون، جگە لە چەكی سووك مودەڕەعە و هەمەریان پێ بووە و بە تەواوی كەلوپەلە سەربازییەكانیانەوە چوونەتە ڕیزەكانی سوپای عێراقەوە".

بە پێی ڕێككەوتنی حكومەتی عێراق و پارتی و یەكێتیی، سوپای عێراق دەگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی كە پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس تێیدا باڵادەست بووە.

 م-ع-كانی