لەبارەی كامێراكانی هاتووچۆ، رونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

26/10/2017 - 16:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

لەبارەی كامێرا جێگیرەكان و كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری شه‌قامه‌كان، هۆبەی كامێراكان لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

ئاكام عەلی بەرپرسی هۆبەی كامێراكان لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لەبارەی كاركردنی كامێراكانی هاتووچۆ لەسەر شەقام و رێگەوبانەكان، راگەیاند: دەمانەوێت كامێراكانی هاتووچۆ بەزووترین كات بخەینەوە كار و لەئێستادا كۆمپانیای جێبەجێكارو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لەهەوڵدان بۆئەوەی سیستمێكی باش بۆ ئەو كامێرایانە دابنێن.


بەرپرسی هۆبەی كامێراكان لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی وتیشی: هیچ وادەیەك بۆ خستنەكاری كامێرا جێگیرەكان دیاری نەكراوە، بەڵام سەرجەم كامێرا گەڕۆكەكان لەكاركردن بەردەوامن.


ئاكام عەلی ئاماژەی به‌وه‌شكردووه‌، دەنگۆیەك هەبوو ئەو ترافیكە نوێیانەی لەماوەی رابردوودا لەچەند شەقامێك دانراون، خێرایی ئۆتۆمبێل وەك سەرپێچی تۆمار دەكەن، بەڵام ئەوە دوورە لەڕاستییەوە و ئەو كامێرایانە هیچ سەرپێچییەكی خێرایی لێخوڕین تۆمار ناكەن، بەڵكو بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ئەمنی دانراون.

 

ش.م