میدیایه‌كی یه‌كێتی: گروپێكی پارتی له‌ كه‌ركوك خه‌ریكی ئه‌م كاره‌یه‌

دوو شەممە, 06 تشرینی دووەم 2017 20:49

 

ماڵپه‌رێكی یه‌كێتی ئاشكرای ده‌كات گروپێكی پارتی له‌ شاری كه‌ركوك ئه‌نجومه‌نی رزگاری كه‌ركوكیان راگه‌یاندوه‌و داوای چه‌ك هه‌ڵگرتن ده‌كه‌ن .

ماڵپه‌ری میلله‌ت كه‌ سه‌ربه‌لاهور شێخ جه‌نگی، به‌رپرسی ده‌زگای زانیاری یه‌كێتیه‌ ئه‌وه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ "ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ گروپێكی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك، ئه‌نجومه‌نی رزگاریی كه‌ركوكیان راگه‌یاندوه‌ و داوای چه‌ك هه‌ڵگرتن له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن".

ماڵپه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: له‌ وێنه‌یه‌كی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا كه‌ گروپه‌كه‌ی پارتی به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی رزگاری كه‌ركوك بڵاوی كردۆته‌وه‌، مه‌فره‌زه‌ تایبه‌ته‌كانی پارتی داوا له‌ مناڵاكانی كورد ده‌كه‌ن چه‌ك هه‌ڵبگرن و لە كەركوك ته‌قه‌ له‌ كۆمپانیا بریتانییه‌كان بكەن.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا "داوای ئه‌وه‌شی كردوه‌ كه‌ گه‌نجانی كورد هه‌ڵبكونته‌ سه‌ر باره‌گا حكومی و حزبیه‌كانی ناو كه‌ركوك".

جێی باسه‌ تاوه‌كو ئێستا پارتی به‌فه‌رمی وه‌ڵامی ئه‌و گروپه‌ یاخود میدیاكانی نه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م گروپه‌ چین و چۆن ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌ .

م-ع-كانی