نه‌ته‌وه‌یه‌ كگرتووه‌كان داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی هه‌رێم ده‌كات

سێ شەممە, 07 تشرینی دووەم 2017 13:51

 

له‌باره‌ی كێشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق داوایه‌ك ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئاماده‌یی خۆشی بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا نیشان ‌داوه‌.

ماڵپه‌ره‌ عێراقییه‌كان بڵاویانكردۆته‌وه‌، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق، داوای له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ رێز له‌بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق بگرێت و پابه‌ندبوونی خۆی به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق رابگه‌یه‌نێت.


له‌به‌یاننامه‌كه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه‌، حكومه‌تی عێراق ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی ته‌واو به‌ده‌ستوورو بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، به‌تایبه‌ت پابه‌ندبوونی ته‌واو به‌پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق.

له‌به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌دا، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داوای له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ پابه‌ندبوونی خۆی به‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی عیراق رابگه‌یه‌نێت و ته‌ئكید له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوور بكاته‌وه‌و له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌ ده‌ستور، كه‌ مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی تێدا زامنكراوه‌.

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئاماده‌یی خۆیشی بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا نیشاندا، به‌و مه‌رجه‌ی داوای لێبكرێت.

 

ش.م