نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ روسیا مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌خاته‌ڕوو

چوار شەممە, 08 تشرینی دووەم 2017 12:40

 

 
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌ روسیا رایده‌گه‌یه‌نێت "به‌ ‌هیچ شێوه‌یه‌ك روسیا هیچ زه‌ماناتێك نادات به‌ ‌هه‌رێم"، ده‌شڵێت: "له‌م زرووفه‌دا هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووییه‌ روو بكه‌یته‌ روسیا‌ و پشت بكه‌یته‌ ئه‌مه‌ریكا".
 
ئاسۆ شێخ جه‌نگی، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌ روسیا رایگه‌یاندووه‌ "به‌شێك له‌ میدیاكانی روسیا ئاشكرایان كردووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم بڕی 2 ملیار دۆلاری له‌ كۆمپانیای روسنه‌فتی روسی وه‌رگرتووه‌".


وتویه‌تیشی:  "كۆمپانیای روسنه‌فت سبه‌ی داوای ئه‌و پاره‌یه‌ بكاته‌وه‌ هه‌رێم كه‌ نه‌وتی لا نه‌بێت چۆن ده‌یداته‌وه‌، به‌غداش ئاماده‌ نییه‌ بیدات، ئه‌مه‌ش بارگرانی‌ و كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری بۆ حكومه‌تی هه‌رێم لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌".

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌ روسیا له‌دیدارێكیدا بۆ ئاژانس وتویه‌تیشی: "به‌ ‌هیچ شێوه‌یه‌ك روسیا هیچ زه‌ماناتێك نادات به‌ ‌هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێم وه‌زعی په‌رێشانه‌، روسیا بێت یان ئه‌مه‌ریكا ئه‌مانه‌ بۆ ئیستفاده‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ كوردن، تا به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌بێت له‌گه‌ڵ كورد ده‌بن كه‌ نه‌ما ده‌چن له‌گه‌ڵ سوننه‌ یان شیعه‌ ده‌بن، روسیاش هچ زه‌مانات ‌و پشتیوانییه‌كی بۆ كورد نه‌بووه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌:"له‌م زرووفه‌دا هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووییه‌ روو بكه‌یته‌ روسیا‌ و پشت بكه‌یته‌ ئه‌مه‌ریكا، چونكه‌ هیچ كه‌سێك كوردی ناوێت، كه‌ نه‌وتت نه‌مێنێت، ده‌بێت مه‌منوون بین وه‌ك كوردێك مه‌رحه‌بامان بكه‌ن، ئه‌وه‌ نه‌ما وه‌فدی كورد ‌و حكومه‌تی هه‌رێم بچێت له‌گه‌ڵ كۆمپانیای بیانی دابنێشێت ‌و عه‌قد بكات، ره‌نگه‌ روسیا ئاماده‌ نه‌بێت پێشوازی له‌ وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمیش بكات".

م-ع-كانی