وردەکاریی کوژرانی گەنجەکەی هەولێر لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل

سێ شەممە, 14 تشرینی دووەم 2017 06:13


لەگەڵ دوو لە هاوڕێكانی بۆ خواردنی نانی ئێوارە دەچنە دەرەوە، بەڵام كاتێك ویستیان ئۆتۆمبێلەكەیان لە بەردەم ئەو چێشتخانەیە رابگرن كە بڕیار بوو نانی لێ‌ بخۆن، شەڕ لە نێوان چەند گەنجێك دروست دەبێ‌، ئەنجام بەبێ‌ ئەوەی پەیوەندی بە شەڕەكەوە هەبێ‌، بە گوللەیەكی گەنجە شەڕكەرەكان دەكوژرێ.

ئەنجام جەمال، تەمەن 19 ساڵ، دانیشتووی شاری هەولێر بوو، كاتژمێر 11:30ی شەوی 4/11/2017 لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بە ئۆتۆمبیل دەچنە شەقامی 100 مەتری، بۆ ئەوەی لە چێشتخانەیەكی نزیك بازاڕی لەنگە نان بخۆن، بەڵام كاتێك دەگەنە بەردەم چێشتخانەكە، دەبینن چەند گەنجێك لەسەر راگرتنی شوێنی ئۆتۆمبێل شەڕیانە، لەو كاتەدا یەكێك لە گەنجەكان دەستڕێژی گوللە دەكات و یەكێك لە گوللەكان بەر سەری ئەنجام دەكەوێ‌.

دوای كۆششێكی زۆر، ئەنجام ئەمساڵ قۆناغی ئامادەیی بە سەركەوتوویی تەواو كرد، بڕیار بوو رۆژی دوای رووداوەكە دەست بە دەوامی زانكۆ بكات، بەڵام مەرگ نەیهێشت. سەركەوت مەحموود، مامی ئەنجام لە پرسەی برازاكەیدا وتي: "برازاكەم سەرەتای تەمەنی بوو، خەونی ئەوە بوو بچێتە زانكۆ، بەڵام لە جیاتی زانكۆ بەرەو گۆڕستان نێردرا، بەبێ ئەوەی تاوانێكی كردبێت". 

وەك كەسوكارەكەی باسی دەكەن، ئەنجام گەنجێكی بێ‌ كێشە بووە، زۆرجار شەوان لەگەڵ هاوڕێكانی بۆ نانخواردن یان بەسەربردنی كات چووەتە دەرەوە، بەڵام قەت كێشەی دروست نەكردووە. مامی ئەنجام زۆر داخبارە و دەڵێت: "لە ماڵ دەرچوو بۆ خواردنی لەفەیەك لەگەڵ هاوڕێكانی، بەڵام تەرمەكەیان بۆ هێناینەوە".

بە گوتەی شایەتحاڵەكان، ئەو كاتەی شەڕەكە لە نێوان گەنجەكان دروستبووە، ئەنجام و هاوڕێكانی تازە گەیشتبوونە بەردەم خواردنگەكە و هێشتا لە ئوتومبێلەكەیان دانەبەزیبوون، لەكاتی دەستڕێژی گوللە یەكێك لە گوللەكان بەر ئەنجام كەوتووە كە لە دواوەی ئۆتۆمبێلی هاوڕێیەكەی دانیشتبوو.
مامی ئەنجام دەڵێت بەشێكی ئەو رووداوانەی كە كەسانی بێ گوناهی وەكو ئەنجامی برازای تێدا دەبنە قوربانی بەهۆی زۆربوونی چەكی بێ‌ مۆڵەتە بەدەست خەڵكەوە. 

ئەو دەڵێت "بەداخەوە چەكێكی زۆری بێ‌ مۆڵەت بە دەست خەڵكەوەیە، هیچ سزا و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە نییە كە چەكی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ئاشكرا ریكلام بۆ چەكی بێ مۆڵەت دەكرێ، تەنانەت ئامادەن چەكێك بە 100 دۆلار بفرۆشن، ئەنجامی ئەو كارەش كوشتنی خەڵكی بێ تاوانی وەكو برازاكەی منە".

ئەنجام سێ‌ برای لە خۆی گەورەتری هەبوو، هەروەها دوو خوشكیشی هەبوو. باوكی زۆر پەرێشانە بە لەدەستدانی كوڕەكەی، ئەو دەڵێت هیچ دەسەڵاتێكی نییە جگە لە هانابردن و پاڕانەوە لە كاربەدەستان بۆ سەندنەوەی تۆڵەی كوڕەكەی. 

جەمال مەحموود باوكی ئەنجام وتي: "دەمەوێت لەڕێگەی رووداوەوە دەنگم بە حكومەت و دەسەڵاتداران بگەیەنم، چۆن دەبێت لە خۆڕا خوێنی رۆڵەكەم بڕژێت؟".

لەبارەی رووداوەكەوە رائید هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وت: "شەوی 4/11/2017 لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، لای چێشتخانەیەك بەهۆی دەمەبۆڵەی نێوان دوو كەس لەسەر شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلەكەیان، دوو گەنج تەقە لە یەكدی دەكەن، گەنجێك بەناوی ئەنجام جەمال كە لەگەڵ هاوڕێكانی لە شوێنی رووداوەكە دەبێت، گوللەیەكی بەردەكەوێت و هەر لە شوێنی رووداوەكە دەمرێ، دواتر پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد و سەرەداوی باشمان دەستكەوت، تەقەكەرەكە ئۆتۆمبێلی جامڕەشی پێبووە و دوای ئەوەی تەقەیان كردووە، هەڵاتوون".

 وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای كرد "دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر، ئێوارەی رۆژی 5/11/2017 تۆمەتبارەكە لەلایەن باوكییەوە رادەستی پۆلیس كرا و بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە كوشتن دۆسیەی بۆ كرایەوە".

 

رووداو