دوو مووچه‌یتر دابه‌ش ده‌كرێت و دوو مووچه‌ش چاره‌نوسی دیارنیه‌

سێ شەممە, 14 تشرینی دووەم 2017 14:04

 

مووچه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و فه‌رمانبه‌رانی به‌تایبه‌تی گیرۆده‌كردووه‌ ترسی له‌سه‌ره‌ جارێكیتر چه‌ند مانگێك بفه‌وتێت و میدیای فه‌رمی یه‌كێتیش ده‌ڵێت: تا كۆتایی ساڵ دوو مووچه‌ی تر دابه‌ش ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ش بێت ئه‌مساڵ دوو مووچه‌ چاره‌نوسی دیارنابێت .

ئه‌گه‌رچی سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ خشته‌ی نیو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ مانگی ئاب كۆتایی دت، به‌ڵام دیار نیه‌ چ واده‌یه‌ك ده‌ستنیشانده‌كرێت بۆ دابه‌شكردنی نیو مووچه‌ی مانگی نۆ .

میدیای فه‌رمی یه‌كێیش رایگه‌یاندووه‌: له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زانیاری دراوه‌ له‌وه‌ی  ئاماده‌كاری كراوه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئه‌یلول و پێشبینی ده‌كرێت له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئه‌یلول رابگه‌به‌نرێت و له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ستپێبكات .

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌وه‌ش هاتووه‌: وه‌زاره‌تی دارایی له‌ هه‌وڵدایه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی 12 دا كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئه‌یلول بهێنێت و كاربكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌مانگی 12 دا ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی تشرینی یه‌كه‌می فه‌رمانبه‌ران بكات، بۆ ئه‌وه‌ی تا 1-1-2018 كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 10ی فه‌رمانبه‌ران بهێنێت و به‌وه‌ش هه‌وڵده‌درێت تا سه‌ری ساڵی زاینی فه‌رمانبه‌ران دوو مووچه‌ی دیكه‌ وه‌ربگرن .

به‌م شێوه‌یه‌ش جارێكیتر ساڵ كۆتایی دێت و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بێ به‌ش ده‌بن له‌ نیو مووچه‌ی مانگی 11 و 12 و چاره‌نوسی دیارنیه‌ له‌وه‌ی ئایه‌ له‌ساڵی نوێ دابه‌ش ده‌كرێت یاخود ئه‌ویش ده‌خرێته‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وته‌وه‌ .

م-ع-كانی