بە سێ‌ قۆناغ ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم كەمدەكرێتەوە

پێنج شەممە, 16 تشرینی دووەم 2017 07:53

بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێم بۆ پاكتاوكردنی لیستی موچەخۆرانی هەرێم و دانانی سیستمێكی نوێی موچە تەواونەبووە، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: پێویستە پێداچوونەوە بەپلەی وەزیفیدا بكرێت و دەرفەتیش هەیە (100)هەزار موچەخۆری خانەنشینی كەمبكرێتەوە.

بە سێ‌ قۆناغ چارەسەر دەكرێت

د.ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان به‌تۆری سلیمانی راگەیاند:بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێم تەواو نەبووە، یەكەم قۆناغی بایۆمەتری موچەبوو، بەهۆی ئەو سیستمەوە توانراوە (153)هەزار فەرمانبەرو موخۆر كەمبكرێتەوە، قۆناغی دووەم راگەیاندنی خانەنشینی ئارەزوومەندایە، قۆناغی سێیەمیش پێداچوونەوەیە بەپلەی وەزیفی ئەوانەی كە لەئاستی خۆیان زیاتریان هەیە.

وتیشی"بەپێی دواین راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، 244هەزارو 656خانەنشین هەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لەوانەیە(70 بۆ 80)هەزاری خانەنشینی ئاسایی بێت كە فەرمانبەری ئاسایبووەو بەمافی خۆی خانەنشین بووە، ئەوانی دیكەی بەشی هەرەزۆری ئەو خەڵكانەن كە لەلایەن هەموو حزبەكانەوە خانەنشینكراون، بۆیە دەرفەت هەیە تاوەك (100)هەزار موچەخۆر لەخانەنشینان كەمبكرێتەوە".

سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان دەڵێت"بەپێی دەستوورو یاسا ناتوانرێت موچەی كەس ببڕێت، بۆئەوەی نەبێتە موزایەدەی سیاسی پێویستە بەڕێككەوتنی لایەنەكان بڕیار لەكەمكردنەوەی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بدرێت".

كێشەكە لەكوێدایە

سەبارەت بەژمارەی فەرمانبەرانی هێزە ئەمنییەكان، د.ئاراس خۆشناو وتی"ژمارەی فەرمانبەرانی هێزە ئەمنییەكان هیچ كێشەیەكی تێدا نییە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەهەموو دەزگاكانییەوە كە حەوت دەزگای فەرمی هەیە،(ئاسایش، دژە تیرۆر، هێزی ئامادە، هەواڵگری، قەڵاچۆكردنی مادەی هۆشبەرو دژە گەندەڵی)، كۆی گشتی فەرمانبەرانی ئەو دەزگایانە ناگاتە (40)هەزار فەرمانبەر".

وتیشی"كێشە لەوەزارەتی پێشمەرگەو پاسەوانی بەرپرسەكاندا هەیە، بەڵام ئێمە هیچ زانیارییەكمان لەوبارەیەوە نییە".

راشیگەیاند: ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم ملیۆنێك و 249 هەزارو 481موچەخۆرە، عیراقیش زیاتر لەشەش ملیۆن موچەخۆری هەیە، بۆیە ئەگەر هەرێم بەراورد بكرێت بەعیراق، عیراق كەمێك باشترە لەهەرێم.