پێشبینی ده‌كرێت هه‌فته‌ی داهاتوو خشته‌ی موچه‌ی مانگی ئه‌یلول بڵاو بكرێته‌وه‌

شەممە, 18 تشرینی دووەم 2017 08:26

لەگەڵ ئەوەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو کۆتایی دێت، بەڵام چاوەڕواندەكرێت تا سەری ساڵی زاینی، فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو مووچەی دیكە وەربگرن، لەوەزارەتی دارایی هەرێمیشەوە وادەی راگەیاندنی یەكەم خشتەی مانگی ئەیلول دەخرێتەڕوو.

هاوكات ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی لەزاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویكردۆتەوە، ئامادەكاری كراوە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول و پێشبینی دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول رابگەیەنرێت و لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستپێبكات.

وتیشی: وەزارەتی دارایی لە هەوڵدایە لەسەرەتای مانگی 12 دا كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول بهێنێت و كاربكات بۆ ئەوەی هەر لەمانگی 12 دا دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەران بكات.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كردووە، بۆ ئەوەی تا 1-1-2018 كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران بهێنێت و بەوەش هەوڵدەدرێت تا سەری ساڵی زاینی فەرمانبەران دوو مووچەی دیكە وەربگرن.