نامه‌یه‌كی "زۆرنهێنی و به‌په‌له‌ی" كه‌مال كه‌ركوكی بۆ بارزانی ئاشكراكرا

شەممە, 18 تشرینی دووەم 2017 13:21

 

 

نامه‌یه‌كى نهێنى كه‌مال كه‌ركوكی، به‌رپرسی میحوه‌ری خۆرئاوای كه‌ركوكى هێزى پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌پارتى ئاشكراده‌بێت كه‌ بۆ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی ناردوه‌و ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو: "جه‌نابتان دڵنیا ده‌كه‌ین له‌ میحوه‌ری ئێمه‌ به‌ هیچ جۆرێك ته‌قه‌ روونادات به‌رامبه‌ر سوپا و چه‌كدارانی عێراقی ، نوسیویه‌تیشی:  ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى داتانناوه‌، له‌ پردێ وه‌ك خۆى جێبه‌جێى ده‌كه‌ین .

نامه‌كه‌ له‌لایه‌ن میدیای میلله‌تی سه‌ر به‌ یه‌كێتی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و تا ئێستا كه‌مال كه‌ركوكی رونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌ نه‌داوه‌و میدیاكانی پارتیش وه‌ڵایان نه‌داوه‌ته‌وه‌ .

به‌پێی نامه‌كه‌ش كه‌مال كه‌ركوكی بۆ مه‌سعود بارزانی وتویه‌تی: له‌سه‌ر فه‌رمانی جه‌نابتان له‌ڕێگه‌ی كاك فازڵ به‌رواری راسپێردراوی پارتیمان له‌ناو له‌شكری عێراق، ته‌نسیقی ته‌واومان له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غداد هه‌یه‌ و جه‌نابتان دڵنیا ده‌كه‌ین له‌ میحوه‌ری ئێمه‌ به‌ هیچ جۆرێك ته‌قه‌ روونادات به‌رامبه‌ر سوپا و چه‌كدارانی عێراقی. 

 

ده‌قی نامه‌كه‌ی كه‌مال كه‌ركوكی بۆ مه‌سعود بارزانی: 

بۆ به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
له‌رێگه‌ی نووسینگه‌ی تایبه‌تی جه‌نابی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان 
سكرتاریه‌تی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
 
له‌ د. كه‌مال كه‌ركوكی به‌رپرسی میحوه‌ری خۆرئاوای كه‌ركوك - 5 ی دبس

زۆر نهێنی و به‌په‌له‌
به‌روار: ١٥-١٠-٢٠١٧

به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆك
سڵاوێكی گه‌رم

له‌سه‌ر فه‌رمانی جه‌نابتان له‌ڕێگه‌ی كاك فازڵ به‌رواری راسپێردراوی پارتیمان له‌ناو له‌شكری عێراق، ته‌نسیقی ته‌واومان له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غداد هه‌یه‌ و جه‌نابتان دڵنیا ده‌كه‌ین له‌ میحوه‌ری ئێمه‌ به‌ هیچ جۆرێك ته‌قه‌ روونادات به‌رامبه‌ر سوپا و چه‌كدارانی عێراقی. 

له‌رێگه‌ی كاكه‌ شاخه‌وان عه‌بدوڵاشه‌وه‌ هێزه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێداوین كه‌ هیزه‌كانیان له‌ پردێ زیاتر پێشڕه‌وی ناكه‌ن.

بۆیه‌ به‌ خوێنی خۆمان جه‌نابتان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی له‌ نووسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك پێمانگه‌یشتووه‌ بۆ پردێ، وه‌كو خۆی جێ به‌جێ ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی له‌ جه‌نابتمان پێویسته‌ ته‌نیا دڵنیابوونه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مشه‌و هێزه‌كانی كاك شێخ جه‌عفه‌ر هانبدرێن ئه‌وان له‌ میحوه‌ری خۆیان له‌ كه‌ركوك ته‌قه‌ له‌ سوپای عێراقی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر جه‌لالیه‌كان سه‌دا سه‌د سه‌ركه‌وتوبێت‌ و به‌ پێشڕه‌ویی جه‌نابتان پارتیمان ئه‌م قۆناغه‌ش تێپه‌ڕبكات.

 

خزمه‌تكاری رێبازی بارزانی

پێشمه‌رگه‌ی كه‌مئه‌ندام و به‌رپرسی میحوه‌ری 5ی دبس
د. كه‌مال كه‌ركوكی
15ی 10ی 2017
 

م-ع-كانی