روفاتی مه‌زارێكی كۆنی شاری سلێمانی ده‌دزرێ

سێ شەممە, 21 تشرینی دووەم 2017 13:35

 

مه‌زاری كانی با، كه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر له‌شاری سلێمانی سه‌ردانیان ده‌كرد، له‌ روداوێكی ته‌مومژاویدا روفاته‌كه‌ی ده‌رده‌هێندرێت و ده‌دزرێت، رۆژنامه‌نوسێكیش گرته‌ی ڤیدۆیی رووداوه‌كه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسیبوك، رۆژنامه‌نوس نه‌ریمان سابیر محه‌مه‌د گرته‌ی ڤیدیۆیی ده‌رهێنانی روفاتی ئه‌سحابه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی كانی بای بڵاوكردۆته‌وه‌.


رۆژنامه‌نوسه‌كه رایگه‌یاندووه‌: شه‌خسی كانی با یه‌كێك بووه‌ له‌ پیاوچاكه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: ئه‌سحابه‌ بووه‌ و رۆژانی چوارشه‌ممان خه‌ڵك سه‌ردانی كردووه‌، به‌ڵام نه‌ناسراوه‌ و نازارێت ناوی چی بووه.

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ وتیشی:‌ بردنی روفاتی كه‌سێك سودی نییه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت به‌ پلان و به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو بێت، بۆیه‌ دوو گومان له‌ بردنی ئه‌م روفاته‌ ده‌كرێت، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كاری ده‌سته‌و گروپه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان بێت كه‌ دژی سه‌ردانی خه‌ڵكن بۆسه‌ر شه‌خس و پێشتریش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامانیش ئه‌و كاره‌یان كردووه‌.

ناوبراو پێشی وایه‌ كه‌ گومانی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ شوێنی مه‌زاره‌كه‌ی گه‌وره‌ و له‌ناوبازاڕه‌ و ئه‌گه‌ر به‌رپرسێك بیه‌وێت ئه‌مه‌ بكات به‌ بازاڕێك ئه‌وا رێگریی دێته‌به‌رده‌م و ناڕه‌زایی خه‌ڵكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ ئه‌سحابه‌ سپی شاری سلێمانی كرا و شوێنی مه‌زاره‌كه‌ كرا به‌ بینا و دواتر روفاته‌كانیان خسته‌ دوو دوكانی بچوك، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی خه‌ڵكی سلێمانیی لێكه‌وته‌وه‌.

نه‌ریمان سابیر محه‌مه‌د ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، ده‌رهێنانی ئه‌و روفاته‌ مه‌به‌ستی بازرگانیی له‌پشته‌وه‌ بێت، داواشیكرد كه‌ به‌دواداچونی جدیی بۆ بكرێت و ده‌ستكاریی ئه‌و شوێنه‌ مێژوویانه‌ نه‌كرێت.

له‌كۆتاییشدا ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌لایه‌ن كه‌سێكی دیكه‌وه‌ توڕه‌ بكرایه‌ پێی ده‌وت ئه‌سحابه‌كه‌ت ده‌رده‌هێنم، منیش تاێستا واتێگه‌یشتووم كه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌عسابی ده‌رده‌هێنێت نه‌ك ئه‌سحابه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ كارێكی قورسه‌، به‌ڵام دیاره‌ من هه‌ڵه‌بووم و ئه‌وه‌تا به‌ راستی ئه‌سحابه‌كه‌یان ده‌رهێناین.

‌‌شایه‌ن باسه‌، هه‌ڵكه‌وته‌ی مه‌زاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر گردێگی گه‌وره‌ له‌ناو بازاڕ و شه‌قه‌مه‌كانی كانی با له‌سه‌ر رێگی نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش، هه‌فته‌ی رابردووش چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسرا و بلۆك و چیمه‌نتۆیان هێناوه‌ و دیوارێكیان به‌ده‌وریدا دروست كردووه‌، دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ روفاته‌كه‌ ببه‌ن و كه‌س نه‌یان بینێت.

 

ش.م