هۆكاری چوونی هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ كه‌ركوك ئاشكرا ده‌بێت

هەینی, 01 کانونی یەکەم 2017 05:18

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، هاوپەیمانان هێزێکى تایبەتى ڕەوانەى بنکەى سەربازى کەیوه‌ن (K1) له ‌کەرکووک کردووە و ئامانج لە ناردنى ئەو هێزە، ئامادەکارییە بۆ قۆناغى داهاتوو و رێگریكردنه‌ لە دروستبونى بارگرژى لەسنوورى کەرکووک و قەزاى خورماتوى سه‌ر به‌پارێزگاى سەڵاحەدین.

وه‌ك راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی پێكردووه‌ "هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان ترسیان لەوە هەیە بارگرژییەکانى کەرکووک و خورماتوو تەشەنە بکەن و لەدەست دەربچن، بۆیە لەئێستاوە هێز لەسەربازگەى کەیوه‌ن کۆدەکەنەوە و خۆیان بۆ قۆناغى ئەگەرى سەرهەڵدانى بارگرژى ئامادەدەکەن".

ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک له‌ لیستی برایه‌تی، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاندووه‌ "عێراق ئێمەى چەککردووە و هێزمان لەکەرکووک نەماوە، کەچى ئەوان چیان بوێت بەچەکەوە دەیکەن".

عه‌سكه‌ری گوتیشى: "هاتنى هێزەکانى هاوپەیمانان کە هێزێکى بێلایەنن، گرنگە بۆ هێورکردنەوەى دۆخى کەرکووک".

وه‌ك رادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئەو هێزەى رەوانەى سەربازگەى کەیوه‌ن کراوە، هێزێکى تایبەتى نەوعییە و پێش رۆیشتنى هێزەکەش بۆ ئەو سەربازگەیە، هاوپەیمانان بەئامادەبوونى ئەمەریکى و بەریتانى و ئەڵمانییەکان، تاووتوێى گرنگى ناردنى ئەو هێزە و رێگرتنیان لەدروستبوونى بارگرژى کردووە.

سه‌باره‌ت به‌ پێکهاتەى هێزەکە، عەسکەرى بۆ ئه‌و رادیۆیه‌ ده‌ڵێت: "ئەو هێزەى هاتووەتە کەیوه‌ن هێزى جیاوازترن لەو هێزەى پێشوو، پێده‌چێت هێزێكی شه‌ڕكه‌ر بێت".

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن هاوپەیمانان ترسیان لە دروستبوونى بارگرژى و شەڕ لە کەرکووک و خورماتوو هەیە، بەتایبەت ناوبەناو گرژى روودەدات و لایەنى کوردیش لەو ناوچانە هەست بەپەراوێزخستن دەکات، عێراقیش هێز و چەکى پێویستى بۆ ئەو ناوچانە ناردووە، بۆیە هاوپەیمانان دەیانەوێت بۆ حاڵەتى پێویست هێزیان لەو ناوچانە ئامادەبێت.

راپۆرته‌كه‌ ده‌شڵێت: رایان دیلن، گوتەبێژى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتی لەبەغداوە، رایگەیاندووە رۆیشتنى هێزەکانى هاوپەیمانان بۆ سەربازگەى کەیوه‌ن لەکەرکووک، بەهەماهەنگى لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بووه‌ و جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌ "دووباره‌ هێزەکانمان لەسەرانسەرى عێراق جێگیر دەکەین".

راپۆرته‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، "ناردنى چەک و تەقەمەنى بۆ دەوروبەرى کەرکووک لەلایەن وڵاتێکى ئیقلیمییەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەوە لێکدراوەتەوە، کە ئامادەکارى بۆ ئاڵۆزکردنى کەرکووک و دەوروبەرى لەئارادایە بۆیە هاوپەیمانانیش ئامادەکارى دەکەن بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانى هه‌ر گرژییه‌ك".