"ئەمریكا بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هاوكاری پێشمەرگە دەكات"

هەینی, 01 کانونی یەکەم 2017 15:44

بەڕێوەبەری پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، ئەمریكا بڕی ٣٦٤ ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری پێشكەش بە وەزاەرتی پێشمەرگە دەكات و لە ساڵی ٢٠١٨ دوو لیوای پێشمەرگە پڕچەك دەكات.
هەژار عومەر، بەڕێوەبەری پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە "ئەمریكا بڕی ٣٦٤ ملیۆن دۆلار راستەوخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا وەك هاوكاری پێشكەش بە وەزاەرتی پێشمەرگە دەكات و لەگەڵ ئەوەشدا واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨ دوو لیوای پێشمەرگە پڕچەك دەكات و مەشق و راهێنانی سەربازییان پێدەكرێت".
وتووشیەتی" ئەو دوو لیوایەی كە ئەمریكا بڕیاریداوە پڕچەكی بكات بە چەكی قورس و مامناوەند و سووك دەبن، چەكە قورسەكانیش بریتین لە 24 تۆپی دوورهاوێژ و هەروەها هەموو كەلوپەلێكی سەربازییان بۆ دابین دەكرێت، ئەمریكاش بەڵێنی بە هەرێمی كوردستان داوە لە هاوكارییەكانی بۆ هەرێم و پێشمەرگە بەردەوام بێت، لە رێكخستنەوە و راوێژپێدان بە پێشمەرگە رۆڵی دیاریان دەبێت".
ناوبراو ئەوەشی وتووە "ئەو وڵاتانەی هاوكارییان پێشكەش بە پێشمەرگە كردووە هەر خۆشیان بڕیار لەسەر بەردەوامبوون لە هاوكاریكردنەكە دەدەن، بۆ نموونە هەنگاریا، لە ئێستاوە بڕیاریداوە ماوەی دوو ساڵی دیكە لە هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە و لە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت جا هاوكارییەكان چ لە رووی پێدانی چەك بێت یان لە رووی راوێژكارییەوە بێت، ئەڵمانیاش لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بڕیارێكی نوێ لەسەر هاوكاریكردن یان نەكردنی پێشمەرگە دەردەكات".