ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: بەغدا کات بەفیڕۆ دەدات لە گفتوگۆی راستەوخۆ

هەینی, 01 کانونی یەکەم 2017 15:49

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دەرئەنجامی دواین سەردانەکەی بۆ تورکیا و ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان، دواین ھەڵوێستی تورکیا لەسەر ھەرێم لە دوای پرسی ریفراندۆم، ھەروەھا داھاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ریفراندۆم، دۆخی کەرکووک و خورماتوو، رۆڵی سوننەکانی عێراق و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورد دەکات.

مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین  لە بارەی ئەنجامی سەردانەکەیەوە بۆ تورکیا وتی: "سەردان بۆ تورکیا و وڵاتانی دەورووبەر شتێکی سروشتییە بەتایبەت لەم بارودۆخەدا کە جۆرێک لە دابڕان ھەیە، ئەو دابڕانەش لە نیگەرانی و گرژییەک دروستبوو لە دوای ریفراندۆم، پێویستی بە ھێورکردنەوە ھەیە، ئێمەش وەک ھێزێکی سیاسی و بەشدار لە پڕۆسە سیاسییەکاندا بە پێویستمان زانی کە رۆڵی خۆمان ببینین لە ھێورکردنەوەکەیدا، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیمان کرد بە لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەت و حزب لە تورکیا و پێیان خۆش بوو کە سەردانیان بکەین، بە سوپاسەوە سەردانمان کردن بۆ ھەوڵی ئارامکردنەوە و لێکتێگەیشتن و دەستپێکردنی قۆناغێکی تر لە پەیوەندییەکان".

ئەو باسی لە ناوەڕۆکی دیدارەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئاک پارتی و حکوومەتی تورکیا و نیگەرانییەکانیان بەرامبەر ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "بێگومان ئەوان نیگەرانییان ھەیە و نیگەرانی زۆریشیان ھەبووە و چاوەڕوانی ئەوە نەبوون کە لە ھەرێمی کوردستان شتێک بکرێت بەو قەبارە و گەورەییە بە بێ مەشوەرەت لەگەڵ ئەوان، زیاتر نیگەرانی ئەوە بوون کە مەشوەرەتیان لەگەڵ نەکراوە و ئاگایان لەوە نەبووە و لە راگەیاندنەکانەوە بیستوویانە، ئێمەش گوتمان ئەوە تا رادەیەک واقیعیەتێکە و حەقیقەتێکە، بەڵام خودی بابەتەکە خۆی قەبارەی چەندێکە بەڵام زۆر لەوە زیاتر گەورە کراوە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە و رەنگە بزانن ھاوکاریش دەبوون، بەڵام دیارە ئەوانەی ئیشەکەیان بەدەست بووە وایان زانیوە بەو دەرەجەیە پێویست ناکات، ئەگەر ئەوەش بێت ھەڵەیەکی تەکنیکییە، چونکە خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندی ئاساییە لەگەڵ تورکیا و پێی وایە کە دەبێت ئاسایی بێت، تورکیا وڵاتێکی گەورەی ئیقلیمیە و بەشێکی زۆری خەڵکی کورد لە تورکیا خزم و کەسوکارن لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش دەخوازێت پەیوەندییەکان سروشتی بێت".

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گەشبینە بە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان و ھەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، لەو بارەیەوە دەڵێت "تا رادەیەکی باش گەشبینم، چونکە بێگومان لێکتێگەیشتن و روونکردنەوەی دەوێت، رەنگە پێویستیش بکات بەشێوازی ئەو جۆرە گرفتانەی کە دروست بووە لە دووری لە یەکتری، بە نزیکی لە یەکتر چارەسەر ببێت، لەبەر ئەوە گەشبینم لە داھاتوو بە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و زیاتر لەسەر کێشە و ئاریشەکان بووەستین، ھەندێک بابەت ھەیە کە رەنگە لە توانای ھەرێمی کوردستان نەبێت کە چارەسەر بکرێت یان توانای ئەوەی نەبێت، ھەندێک بابەت لە دەرەوەی تواناکانە، ئێمە ھەستمان وایە و لە دیدارەکانیش وامان بینی کە گومانی باش و چاوەڕوانی ئایندەیەکی باش دەکەین ".

ئەو وتی: "تورکیا دەوڵەتێکی میحوەری گرنگە، ھەروەک ئێران دەوڵەتێکی میحوەری گرنگە وەک دەوڵەتەکانی تر، بەڵام ئەم دوو وڵاتە دوودەوڵەتی سەرەکین بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، بۆیە ئەگەر نیگەران بن لەوەی کە رووداوێکی وەک ریفراندۆم روودەدات و ئەوان لێی بێئاگان یان حسابیان بۆ ناکرێت جێگای خۆیەتی، رەنگە قسەمان ھەبێت لەسەر لێدوانەکان کە تا رادەیەک زۆرتر بوون لە حەدی خۆی، دەشزانین و تەقدیری ئەوەش دەکەین دۆخی ناوخۆی وڵات چی بخوازێت دەبێت ئەوە بزانین، بەڵام ئەوەشمان بیر بێت کە تورکیا ئەوەی بۆ تۆمار دەکرێت لە فەزڵ و پیاوەتی کە رێوشوێنی عەمەلی تا ئێستا لەسەر ھەرێمی کوردستان نەگرتووەتە بەر، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیش لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقییەوە بووە، تورکیا دەروازەکانی دانەخستووە و رێوشوێنێکی تری نەگرتووەتە بەر کە ئەوەش جێگای نرخاندنە، ھەستمان کرد کە لە ھەستی مرۆیی و دۆستایەتیەوە ئەوەیان کردووە کە گوشار لەسەر میلـلەتی کوردستان دروست نەکرێت، ئەگەر گلەییان لە ئەدائی حکوومەت یان سیاسییەکان ھەیە، باجەکەی میلـلەت نەیدات.

ھەروەھا ئەوەش جێگای سوپاسە کە لە دوای روودانی بوومەلەرزەکەی ھەرێمی کوردستان، زۆر بە خێرایی بەشدارییان کرد و وەک یەکەم دەوڵەت لە بەدەمەوە ھاتن و ھاوکاری دانیشتوانی دەربەندیخان و ناوچەکە بەشداربوون و جێگای نرخاندن و رێزە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی میلـلەت و دەوڵەتی تورکیاش دەیەوێت دۆستایەتیەکە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بێگومان ئێمەش بەرژەوەندیمان لەوەدا نییە ئەو بەرژەوەندی و دۆستایەتییە تێک بدرێت".

لە بەشێکی تری دیمانەکەدا و لە بارەی دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بەرامبەر دەرئەنجامەکانی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوێستی حزبەکەی کە پشتیوانی بەڕێوەچونی ریفراندۆم بوو، ئەمینداری یەکگرتوو لە وەڵامدا گوتی: "دادگای فیدراڵی عێراق دادگایەکی ئیتیحادی مەرکەزییە و دەڕوانێتە ئەو دۆسیانەی لە بەردەستیان، لەبەر ئەوە ئێمە وەک رێزگرتن لە یاسا و لە دادگا بەڕێزەوە سەیری ھەموو بڕیارەکانیان دەکەین، بەڵام جگە لەوە بابەتەکان تەفسیلی دەوێت و پرسی ریفراندۆم بەو شێوەیەی دەگوترێت نادیدەی بگریت یان حساب بۆ ئیجرائاتی نەکەیت ئەوەش مومکینە و سروشتییە، بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی و حکوومەتی ھەرێم و ھەموو لەسەر ئەوەیە کە کار بە ریفراندۆم نەکرێت، بەڵام ئەوەی کە باسی دەکەن بە ھەڵوەشاندنەوەی ناکرێت و رووداوێکە کە روویداوە و تێپەڕی کردووە، تۆ ئەوەندەت پێدەکرێت کە کاری پێنەکەی، بەڵام بڵێی نەبێت بووە و ئەگەر کاری پێنەکەیت تەواوە، گشتپرسیپرسی کردن بووە بە میلـلەت لەسەر شتێکی دیاریکراو و وەڵامت وەرگرتووە، ئێستا کە کاری پێناکەیت حکوومەت و ھێزە سیاسییەکانیش پابەند نین بەوە و کاری پێناکەن، بەڵام دادگا بڕیارەکەی بەو شێوەیە داوە کە دەستووری نییە و بە ئیعتیبار لە دەستووردا باسی ریفراندۆم نییە، ئەو شتە دروستە".

لە بارەی پرسی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی تری نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کە یەکگرتوو پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دوو ئەندامی ئەنجوومەنەکەی ھەیە، بڕوای مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین وایە کە دەبێت ھەموو پێکھاتەکانی شارەکە بەشداربن لە ئیدارەدانی شارەکە و ھیچ لایەک پەراوێز نەخرێت، "کەرکووک لە رووی جوگرافییەوە شارێکی کوردستانییە، بەڵام لە رووی پێکھاتەی دانیشتوانییەوە شاری برایەتی و پێکەوە ژیانە، بڕوای ئێمە وایە کە دەبێت ھەموو پێکھاتەکان ھاوبەشی بکەن لە ئیدارەی ئەو شارە و بەڕێوەبردنی، ئەگەر وا نەکرابێت و خەلەلێک لەو شێوازەدا ھەبووبێت ھەڵەیە، ئەوەش کە سڕینەوە و جەنگێکی عونسوڕی و یەکێک ئەوی تر بسڕیتەوە یان پاکتاوی بکات ئەوەش ھەڵەیە لە کەرکووک یان خوورماتوو یان ھەر شوێنێکی تر روویدابێت، کەرکووک شاری ھەموو پێکھاتەکانە و پێویستە ھەموو پێکەوە ئیدارەی بکەن بە لێکتێگەیشتن و ئەو ئالیەتانەی کە بە تەوافوق پێی دەگەن، بەڵام پێکھاتەیەک ئەوی تر بسڕیتەوە و پاکتاوی بکات ئەوە کارێکی ھەم ھەڵەیە و ھەم سەریش ناگرێت".

مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراق، یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەنجوومەنی حوکم لە عێراق کە ژمارەیان ٢٥ کەس بوو بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و رۆڵیان ھەبوو لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، ئەو تا ئێستاش دەستوور بە ھۆکاری چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی عێراق بە کێشەکانی ھەرێم و ناوەندیش دەزانێت و داوای جێبەجێکردنی دەکات، لەو بارەیەوە دەڵێت "دەستوور لە سەرووی ھەمووانەوەیە و ھەمووان بەشدار بووین لە نووسینەوەی دەستوور و دواتریش لە دەنگدان بەو دەستوورە لە ساڵی ٢٠٠٥، ھەموو پێشێلکارییەک لە دەستووردا زیان دەدات و فعل و رەد فعل دروست دەکات، ماددەی ١٤٠ یەکێک بوو لەو ماددانەی دەبوو لە ساڵی ٢٠٠٧ تەواو بوایە، بەڵام ئێستا ٢٠١٧یە و تەواو نەبووە، جێبەجێ نەکردنی دەستوور و ئەو ماددەیەی دەستوور زیانی زۆری دا و میسداقیەتی دەستووری عەیبدار کرد. لە لایەکی تریش کوردی بێ ئومێد کرد، ئەوە خاڵێکی سەرەکییە لە کێشەکە، جگە لەوەی چەندین ماددە ھەیە کە دەبوو یاسای بۆ دەربکرایە لەوانەش غاز و نەوت، بەڵام ھێشتا ئەوەش نەکراوە.

ئێمە پێمان وایە پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەبێت بە دەستووری بکرێت بۆ ئەوەی ھەرێمێکی فیدراڵی دەستووری بێت، پێویستە ھەموو پابەند بین بەوەی کە کام لا دەگرێتەوە، گفتوگۆ و دانوستان ئەوە چارەسەر دەکات کە چ ماددەیەک و ئەرکی ئێمە و ئەرکی ئەوان چیە، ئەوەش کە روویدا لە ھاتنی داعش و دواتریش شەڕی داعش کە پێشمەرگە رۆڵێکی قارەمانانەیان بینی، دواتر ئەو ناوچانەی ناکۆکیان لەسەرە بوونە بەشێک لە ھەرێم بە بێ ئەوەی لە رووی دەستوورییەوە بڕیاری تەواوی لەسەر درابێت، ئەوە ھەر مابوویەوە و دەبوو چارەسەر بکرێت، بەڵام چارەسەر نەکرا، ئەو بابەتە پێویستە بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و پێویستی بە ھێز و سوپا نییە، چونکە بۆ خۆیان ناوچەی ناکۆکی لەسەرن و تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە، تا ئێستا بەغدا خۆی نادات بەدەستەوە کات بەفیڕۆ دەدات لە گفتوگۆی راستەوخۆ، ئەوە بە لای ئێمەوە بە خاڵێکی سلبی دەزانین، چونکە لە ھەموو حاڵەتەکاندا مادام حکوومەتی ھەرێم ئامادەیە بۆ گفتوگۆ ھەق وایە ئەویش ئامادە بێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەو کێشە و گلەییانەی کە ھەیە و چی ماوە لە کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ھەر لە دوورەوە بێت و شەڕی راگەیاندن و شاشەکان بێت بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات و رەنگە بەشێکیش بێت لە پێداویستییەکانی موزایەداتی ھەڵبژاردن، زیاتر لەوەی بابەتێکی جددی بێت لەوەی ئەم دوولایەنە بگەنە ئەنجامێکی ئیجابی کە ئەوە خوازراوە و ھەردوو حکوومەتی ئیتیحادی و ھەرێمیش ھەر ئەوەیان دەوێت، بەرژەوەندی ھەردوولاش لەوەدایە کە لەسەر بناغەی دەستوور گفتوگۆ بکرێت و ماف و ئەرکەکان دیاری بکرێت ".

ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بارەی دۆخی سوننەکان لە عێراق کە ئەو پەیوەندی باشی لەگەڵیان ھەیە و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ش ھەوڵی زۆری ئەوەیدا ئەوان ببنە بەشێکی کارا لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، ھەروەھا رۆڵی ئێستای ئەوان و پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە قسەی کرد و گوتی: "سوننەکان خۆیان بەشێکن لەو کێشەیەی دروست بووە لە عێراقدا، شەڕی داعش زیاتر لە ناوچەکانی سوننە بوو، بەداخەوە لەکاتی خۆیدا لە زەمانی ئەنجوومەنی حوکم و دواتریش زۆر ھەوڵماندا کە سوننە بەشێکی کارا بێت و یاریکەرێکی کارا بێت لە پڕۆسەی سیاسی عێراقیدا، بەڵام بەو شێوەیەی کە دەمانویست نەھاتە دی، لەگەڵ ئەوەش لەم دواییەدا شەڕی داعش و داعش کە بوو بە بەڵا بۆ ئەو ناوچانە. شارەکانی وەک مووسڵ و تکریت و رومادی کەوتە دەست ئەوانەوە و زیانێکی گەورەی دا لە ناوچە سوننیەکان، ھەروەھا سوننەکانی پەرتەوازە کرد، بۆیە سوننە بۆ ھاوسەنگی و دروستکردنی ھاوسەنگی لە عێراقدا پێویستە ئەرک و مافی خۆی دیاری بێت و بە دەستووریش دیاری بکرێت، ھەروەک کورد و تورکمان و ھەموو پێکھاتەکانی تر لە رێگەی دەستوورەوە کێشەکانمان چارە بکەین، ئەم شەڕە نەخوازراوەی کە داعش ھێنای بەشێک لە نەخشەکەی تێکدا و پڕۆسە سیاسییەکەشی ئاڵۆز کرد، ئێستا لە دوای داعش ھەق وایە ئەو بابەتانە بێنەوە سەر سکەی ئاسایی خۆی".