خاوه‌نی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان: كاره‌با به‌ هاوڵاتیان ناده‌ین

چوار شەممە, 06 کانونی یەکەم 2017 11:17

 

ده‌ركردنی بڕیارێك له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاره‌بای‌ سلێمانی، نیگه‌رنی لای خاوه‌ن مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان لێكه‌وته‌وه‌ و بڕیاریاندا كار به‌ مۆلیده‌كانیان نه‌كه‌ن و كابا به‌ هاوڵاتیان نه‌ده‌ن.

به‌هۆی دیاریكردنی‌ كرێ و پاره‌ی‌ ئه‌مپێری‌ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاره‌بای‌ سلێمانی بۆ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017، خاوه‌نی‌ مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كان دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌ 5ی كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2017 گردبونه‌وه‌یه‌كی‌ ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداو چونه‌ به‌رده‌م بینای‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاره‌بای‌ سلێمانی‌، ڕایانگه‌یاند: ئه‌و بڕیاره‌ی‌ دراوه‌ جێبه‌جێی‌ ناكه‌ن و بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ 24 كاتژمێر ده‌ده‌نه‌ ‌لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار.


دوای به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌هاتنی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ داواكانیان، نیگه‌رانی‌ و مانگرتنی‌ خاوه‌نی‌ مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كانی‌ لێكه‌وته‌وه‌و بڕیاریاندا له‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌وه‌، كار به‌مۆلیده‌كان نه‌كه‌ن.


سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵوێسته‌ی خاوه‌ن مۆلیده‌كان، تاریق سه‌مین سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كانی سلێمانی ڕایگه‌یاند: له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێنه‌كردنی داواكاریی خاوه‌ن مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كان، بڕیارماندا به‌كوژاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مۆلیده‌كانمان و كاره‌باش ناده‌ین به‌هاوڵاتیان.


سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كان بۆ میدیایه‌كی نزیك له‌ یه‌كێتی وتیشی: ئێمه‌ مۆڵه‌تی 24 كاتژمێرمان به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی دا، به‌ڵام ئه‌وان داواكاریه‌كانی خاوه‌ن مۆلیده‌كانیان جێبه‌جێنه‌كرد، ئـێمه‌ش مۆلیده‌كانمان كوژاندۆته‌وه‌و كاری‌ پێناكه‌ین.

 

 

ش.م