هۆكاری نەگەڕانەوەی كۆسرەت رەسوڵ ئاشكرا دەكرێت

چوار شەممە, 06 کانونی یەکەم 2017 15:09
بەهۆی ئەنجامنەدانی دوایین نەشتەرگەرییەوە، تائێستا دیار نییە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەی دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
لەوبارەیەوە دكتۆر رێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەشاری هەولێر، رونیكردەوە، تائێستا كاتی گەڕانەوەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ئەڵمانیاوە بۆ هەرێمی كوردستان دیارنییە.
هەروەها وتیشی "ئێستا كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ئەڵمانیا چاوەڕوانی ئەنجامدانی دوایین نەشتەرگەری دەكات، كە نەشتەرگەرییەكی بچوكە".
هەروەك ئەمڕۆ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیجی خۆیەوە بە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، سەردانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كردوە لە ئەڵمانیا و دڵخۆشی خۆی دەربڕیوە بە باشتربون و بەرەوپێشچونی تەندروستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی.
لەلایەن خۆیەوە كۆسرەت رەسوڵ عەلی سوپاسی مەلا بەختیاری كردوە بۆ ئەو سەردانەی.
جێگەی بیر هێنانەوەیە لە سەرەتای مانگی رابردو كۆسرەت رسوڵ عەلی رەوشی تەندروستی تێكچو، دوای مانەوەی نزیكەی 10 رۆژ لە نەخۆشخانەیەكی شاری سلێمانی، رەوانەی ئەڵمانیا كرا.