وادەی ناردنی موچە لەلایەن بەغداوە ئاشكراكرا

چوار شەممە, 13 کانونی یەکەم 2017 07:45
حكومەتی ناوەندی سەرقاڵی وردبینیكردنی لیستێكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و وتەبێژی عەبادیش وادەی ناردنی موچە ئاشكرادەكات.
 
سەعد حەدیسی، وتەبێژی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی "ئاژانس"ی راگەیاندووە ''لە ئێستادا سەرگەرمی وردبینیكردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمین لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی و لیژنەیەكی تایبەتی سكرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پاككردنەوەی لە گەندەڵی و دڵنیابوونەوە لە رێژەی مووچەكان بە هەمان ئەو رێوشوێنانەی كە حكومەتی ناوەندی جێبەجێی دەكات".
 
وتەبێژی عەبادی ڕاشیگەیاند '' كۆتاییهاتنی ئەو پرۆسەیە رێخۆشكەر دەبێت بۆ سەرفكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چوارچێوەی بەشە بودجەی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ٢٠١٨ی عێراقدا، لەپاش پەسەندكردنی دەبێت گرەنتی ئەوە بكەین كە مووچە دەچێت بۆ گیرفانی فەرمانبەرە فیعلییەكان نەك كەسانێكی تری سودمەند".
 
لەلایەكی ترەوە جاسم بەیاتی، كە پەرلەمانتارێكی نزیكە لە حەیدەر عەبادی بە ڕۆژنامەكەی رایگەیاندووە '' بەغدا ٦٨٣ هەزار فەرمانبەری هەرێمی كوردستانی بۆ یەكلابووەتەوە كە مووچەیان بۆ سەرف بكات و لەمانگی داهاتووشەوە مووچەی ئەو رێژەیەی فەرمانبەران دەدرێت".

ئەوەش لەكاتێكدایە "كە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا باس لەوەكراوە كە داهاتی مانگانەی حكومەت بەشی مووچەی فەرمانبەران ناكات و حكومەتی هەرێم هیچ رێگەچارەیەكی نییە بۆ دەرچوون لەم وەزعە تەنها رێككەوتن نەبێت لەگەڵ بەغدا".