ئه‌دهه‌م بارزانی له‌سه‌ر هێرشكردنی بۆ سه‌ر نێچیرڤان بارزانی رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەینی, 15 کانونی یەکەم 2017 16:41

 

له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ی كه‌ گوایه‌ ئه‌دهه‌م بارزانی هێرشی توندی كردۆته‌ سه‌ر نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی دڵسۆزانه‌ی بۆ سلێمانی ، ئه‌دهه‌م بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ راستیه‌وه‌ .

به‌پێی رونكردنه‌وه‌یه‌كی سكرتێری ڕۆژنامه‌وانی ئه‌دهه‌م بارزانی ئه‌وه‌هاتووه‌: بۆ ئه‌دهه‌م بارزانی ، نێچيرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتيمانه‌و ، شوێنگره‌وه‌يه‌كی ئيدريس بارزانیه‌و  ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ هه‌ڵبه‌ستراون و له ‌په‌رچه‌كرداری ئه‌و ته‌بايی و پته‌وی و يه‌كگرتوييه‌ی ناو سه‌ركردايه‌تی پارتيمانه ‌و ، دروستكه‌رانی هه‌واڵه‌كه‌ش هيچيان بۆ سه‌وز نابێت .

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌:

( ڕونكردنه‌وه‌يه‌ك له‌ سكرتێری ڕۆژنامه‌وانی ئه‌دهه‌م بارزانی يه‌وه‌  )

له‌هه‌ندێك وێبسايت و په‌يجی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان ، كه‌ له ‌لايه‌ن ده‌زگايه‌كی گۆماناوی هه‌واڵگری له‌ سلێمانيه‌ وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت ، هه‌واڵێك بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌دهه‌م بارزانی هێرشی توندی كردۆته‌ سه‌ر نێچیرڤان بارزانی كه‌ : ( هيچ هه‌ڵوێستێكی دڵسۆزانه‌ی به‌رامبه‌ر سلێمانی نه‌بووه‌ ) .

 

به‌هه‌موو لايه‌كی ڕاده‌گه‌يه‌نين ته‌واوی تايتڵ و ناوه‌رۆكی هه‌واڵه‌كه‌ دووره‌ له‌ ڕاستی يه‌وه‌ ، ئه‌دهه‌م بارزانی دڵنيايه‌ له‌وه‌ی كه‌زۆربه‌ی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارييه‌كانی سالانی رابردوو و تاكو ئێستا له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ‌و ئيداره‌ی ڕاپه‌ڕين و به‌ گه‌رميانیشه‌وه‌‌ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ناوی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نی ديكه‌وه‌ تۆمار كرابێت و ، ناوی نێچيرڤان بارزانی نه ‌هێنرابێت ، ئه‌وا له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌ستپێشخه‌ری و بڕيار و پاره‌دار كردنی ئه‌و پرۆژانه‌ش نێچیرڤان بارزاني ‌ بووه‌ . جيا له‌وانه‌ش بۆ ئه‌دهه‌م بارزانی ، نێچيرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتيمانه‌و ، شوێنگره‌وه‌يه‌كی ئازيزی سه‌ركرده‌ ئيدريس بارزانی ڕه‌حمه‌تی يه‌ . 


له‌كۆتايدا ڕايده‌گه‌يه‌نين ، ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ هه‌ڵبه‌ستراون و له ‌په‌رچه‌كرداری ئه‌و ته‌بايی و پته‌وی و يه‌كگرتوييه‌ی ناو سه‌ركردايه‌تی پارتيمانه ‌و ، دروستكه‌رانی هه‌واڵه‌كه‌ش هيچيان بۆ سه‌وز نابێت .

سكرتێری ڕۆژنامه‌وانی
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی 

 

م-ع-كانی