هەرێم و بەغدا لەسەر ئەمە ڕێككەوتن

شەممە, 16 کانونی یەکەم 2017 05:02

 

 

 

حكومەتی عێراق هێزێكی زۆری لە ئامرلی و ناوچەكانی تری عێراقەوە بردۆتە قەزای دووزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەددین بە ئامانجی هێرشكردنە سەر چەكدارە سوونەكانی شاخی غەڕەو پێشرەوی كردن بەرەو ناوچە كوردنیشینەكانی ناحیەی نەجول، بەڵام بەرێككەوتن لەگەڵ هەرێم، ئۆپەراسیۆنەكەی عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.

(دلێر عەبدولڵا) بەرێوەبەری ناحیەی نەوجول، بەدەنگی ئەمریكای راگەیاند: حكومەتی عێراق ویستی هێز بەرەو ناحیەی نەوجول (زنانە) و گوندە كوردنیشینەكان بجوڵێنێت و نیازی كۆنترۆڵكردنی ناحیەكەی هەبوو، كەئێستا كوردەكانی خورماتووی تێدایە.

وتیشی: هێزێكی زۆری پێشمەرگەش هێنراوەتە ناوچەكە بۆ بەرگرتن بە هێزە عێراقیەكان، بەڵام هێزە عێراقیەكان تائێستا جوڵەیان نەكردووە.

ناحیەی نەوجول و ناوچە كوردنیشینەكان كەئێستا بەشێكی زۆر لەئاوارەكانی خورماتوویان تێدایە، دەكەونە باكوری رۆژهەڵاتی خورماتوەوەو پاساوی عێراق بۆ پێشرەوی كردن بەرەو ئەو ناوچانە ئەوەیە، كەگوایە چەكدارە كوردە خۆبەخشەكان لەو ناوچانە قەزای خورماتوو هاوەنباران دەكەن.

خواستی حكومەتی عێراق بۆ پێشرەویكردن بەرەو ناوچە كوردنیشینەكان، لەكاتێكدایە فرۆكە عێراقیەكان لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەند جارێك ناوچەی پەڵكانەو شاخی غەرەیان بۆردومانكردووە، كە لەئێستادا هێزە سوونیەكانیان تێدایە كە بەپاشماوەی داعش ناودەبرێن.

لەلاین خۆشیەوە (موحەمەد فایەق) رۆژنامەنووس لەشارەدێی خورماتوو، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، ئەمەش بەپێی رێكەوتنێكیان لەگەڵ هەرێم بووە.

لەلایەن خۆیەوە (عەلی حوسێنی) وتەبێژی میحوەری باكوری عێراقی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی چەكدارە سوونەكانی شاخی غەرەو ناوچەی پەڵكانە، داواكاری ئەوان بووە لەحكومەتی عێراق.

 

ئـ . كـ