بافڵ تاڵەبانی چه‌ندین زانیاری بڵاو ده‌كاته‌وه‌

یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 06:21

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاگری قەیرانی هەرێم بکوژێننەوە پێش ئەوەی داعش بگەڕێتەوە و خۆی دروستبکاتەوە.

بافڵ تاڵەبانی بە ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی وتووە: ئاهەنگێڕان بەبۆنەی تێکشکانی داعش "سادە و منداڵانەیە" و دەشڵێت: داعش کۆتایی نەهاتووە و بە شێوازێکی دیکە و بە بەهێزتر دەگەڕێتەوە، ڕق و کینەی ڕەگەزی زیاد دەکەن و تیرۆریزمیش گەشە دەکات.

ناوبراو و داواش لە بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ڕێگە بۆ دانوستانی بەغداد و هەرێم خۆش بکەن و ئاگری قەیرانی هەرێم بکوژێننەوە پێش ئەوەی دۆخەکە لەوە خراپتر بێت.

بافڵ تاڵەبانی پێی وایە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولدا دۆزی کوردی کە خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە بۆ ماوەی دەیەیەک دواخست.

لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکان لەدوای ڕیفراندۆمەوە هەرێمی خستە سەر لێواری داڕمانی ئابوری و حکومەتی هەرێم پارەی نەماوە بۆ ئەوەی ئەم مانگە بیداتە فەرمانبەران.

دەشڵێت: سەرکردایەتی کورد ڕێککەوتنێکی منیان پشتگوێ خست لەگەڵ ئەمریکییەکاندا کە ئەگەر ڕیفراندۆممان دوابخستایە بۆ دوو ساڵی ئایندە، ئەوا پشتگیرییان دەکرد، لەبەرئەوەی ڕیفراندۆمەکە تەرکیز لەسەر شەڕی دژی داعش لانەبات و مەترسی نەخاتە سەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی عەبادی.

هەروەها توڕەیی خۆی بەرامبەر چەند ڕاوێژکارێکی بیانی دەردەبڕێت کە بە وتەی خۆی ئەوان بارزانییان ڕووبەڕووی "هەڵەیەکی گەورە" کردەوە.

ناوبراو لە ڕەخنە لە حزبەکانی هەرێم دەگرێت بە یەکێتیشەوە بە جۆرێک بە کەللـەڕەقی و هەوڵدان بۆ جیاکاری تۆمەتباریان دەکات.

هاوکات ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە ئاڕاستەی خۆی و چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگە کراون بۆ ترسنۆکی و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە لەکاتی هێرشی هێزەکانی عێراقدا بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان.

دەشڵێت: پێویستە دۆخەکە ببێتە خزمەتی بەئاگاهاتنەوەیەی لایەنەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی، بۆ ناشتنی جیاکاری و کێشەکانی ڕابردوو.

ڕاشیگەیاندووە: پێویستمان بە کوردستانێکی یەکدەنگ و یەکگرتووە، ئەگەر هەرێم لە دەستبدەین و عێراق یاریمان پێ بکات، ئەوا ئەو کاتە گرنگ نابێت کە کێ بەرپرسیارە لە چی.