گۆڕانكاری لەوەرگرتنی موچە دەكرێت

یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 06:59

حكومەتی هەرێم حساب بانكی و كارتی ئەلیكترۆنی بۆ موچەخۆران دروستدەكات و سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمانیش، وردەكاری ئەو دوو سیستمە ئاشكرادەكات و ڕاشیدەگەیەنێت: كۆی قەرزەكانی موچەخۆران لەلای حكومەت دەخرێتە سەر حساب بانكی و موچەش بەكارتی ئەلیكترۆنی دابەشدەكرێت.

د. عیزەت سابیر ڕاگەیاند: هەموو فەرمانبەرێك لەسیستمی بایۆمەتری موچە، پەنجەمۆرو پشكنینی چاوی بۆكراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش حسابی بانكی و كارتی ئەلیكترۆنی دروستدەكرێت، مانگانەش لەبری ئەوەی بەكاش موچە وەربگرێت، پارەكە دەچێتە سەر حسابەكەیان.

سەبارەت بەچارەنوسی پارەی موچە پاشەكەوتكراوەكان و قەرزی موچەخۆران لەسەر حكومەت، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان، ئاشكرایكرد: مەرج نییە كۆی قەرزەكان بخرێتەسەر كارتی ئەلیكترۆنی، بەڵام دەخرێتە سەر حساب بانكی فەرمانبەران، بەڵام فەرمانبەران ناتوانن پارەكە بەكاش لەبانك وەربگرن و تەنها لەحساب بانكییەكەیاندا دەمێنێتەوە".

سەبارەت بە پرۆژە بڕیاری بایۆمەتریش، د. عیزەت سابیر رایگەیاند:" كارتی ئەلیكترۆنی (ڤیزا كارت) یان ماستەر كارت چەند پارەی تێدابێت دەتوانێت بەكاری بهێنێت هەركات بیەوێت، بەڵام پارەی سەر حساب بانكی جیاوازەو تا نەخرێتە سەر كارتە ئەلیكترۆنییەكە ناتوانێت بەكاری بهێنێت، لەداهاتووشدا حكومەت ئەو سیستمە جێبەجێدەكات، فەرمانبەر لەحساب بانكیەكەی دەتوانێت قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بداتەوە، بەكارتە ئەلیكترۆنییەكەش هەڵسوكەوت بەموچەكەیەوە بكات".

 

 


 

 

SNN