لە بەغداوە سلفەیەك بۆ موچەی فەرمانبەران ڕەوانە دەكرێت

پێنج شەممە, 28 کانونی یەکەم 2017 07:48
سه‌باره‌ت به ره‌وانه‌كردنی‌ سلفه‌یه‌ك له‌به‌غداوه‌ بۆ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم، پەرلەمانتارێکی فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی له ‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران زانیاریه‌كی‌ گرنگ لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکات.
نه‌وزاد ره‌سوڵ په‌رله‌مانتاری‌  فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عیراق راگه‌یاندووە، "چاوه‌ڕوان ده‌كرێت 2018/1/3، دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ پشووه‌كانی‌ سه‌ری ساڵی‌ نوێ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌ستپێبكاته‌وه‌و نوێنه‌رانی‌ كوردیش هه‌وڵه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ".
ناوبراو بە ئێس ئێن ئێن-ی وتووە‌: "به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ کە به‌ده‌ستمانگه‌یشتووه‌ ‌ئێستا حكومه‌تی‌ عیراق وردبینی له ‌لیست و ناوی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمدا ده‌كات".
روونیشی دەکاتەوە کە به‌هه‌وڵی‌ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان دوای‌ پشووه‌كانی‌ سه‌ری‌ ساڵی‌ نوێ، كۆبوونه‌وه‌كانی‌ نێوان  هه‌رێم و به‌غدا ده‌ستپێده‌كات و دەڵێت: "پێشبینیده‌كرێت وه‌فدی هه‌رێم بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عیراق سه‌ردانی به‌غدا بكات".
به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ‌سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی‌ گفتوگۆكانی‌ نێوان هه‌ردوولاو سه‌ردانی‌ وه‌فدی هه‌رێم بۆ به‌غدا، حكومه‌تی‌ عیراق سلفه‌یه‌ك بۆ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات.
ئەو پەرلەمانتارە زانیارییەکیشی ئاشکرا کردووەو دەڵێت:"یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ گفتوگۆكردنی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا دایناوه‌، دابینكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو رێوشوێنێكی‌ به‌په‌له‌ ده‌گیرێته‌به‌ر".