حكومه‌تی هه‌رێم موچه‌ی چینێك ده‌برێت

شەممە, 30 کانونی یەکەم 2017 08:42

بە مەبەستی پەسەندكردنی لە لایەن پەرلەمانەوە حكومەتی ھەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای رێكخستنەوەی خانەنشینی ناردووەتە پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی نوێدا كاری پێبكرێت، ئەندامێكی لیژنەی یاسای لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەت جددییە لە رێكخستنی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان.

فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان به‌میدیاكانی نزیك له‌ پارتی راگەیاند: "یاساكە پێداچوونەوەیە بە بابەتی خانەنشینی نا یاسایی لە ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا كەمكردنەوەی مووچە كە بەشێكی بە یاساكراوە ھەروەھا رێكخستنەوەی دەرماڵە نایاساییەكان، ھەموو ئەوانەی بە شێوەی نایاسایی پلەی بەرزكراوەتەوە ھەموو رێكدەخرێتەوە".

بە گوێرەی یاساكە ھەر خانەنشینێکی پلە باڵا تەمەنی لە خوار 50 ساڵیەوە بێت، خانەنشینیەکەی ھەڵدەوەشێتەوە، ئەوانەی لەسەر حکومەتیشن سەرەڕای تەمەنی گونجاوی خانەنشینی پێویستە، لانی کەم 15 ساڵ خزمەنی ھەبێت، لە سێ خولی رابردووی پەرلەمان نزیکەی 417 پەرلەمانتار خانەنشین کراون، بە پەسەنکردنی پرۆژەیاساکە لەو ژمارەیەدا، خانەنشینی 69 پەرلەمانتار ھەڵدەوەشێتەوە، لە خولی چوارەمیش کە چەند مانگێکی ماوە کۆتایی بێت، تەنیا نزیکەی 10% پەرلەمانتاران مافی خانەنشینیان ھەیە، ئەوانی دیکە ھیچیان خانەنشین ناکرێن.

لای خۆیشیه‌وه‌ دلێر ماوەتی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان وتویه‌تی: "دەبێ حكومەت فێستیڤاڵ و ئاھەنگەكانی و وەزارەتەكانی كەم بكاتەوە، پێویستە ھەنگاوەكانی چاكسازی دەست پێ بكات، بۆ ئەوەی لەم قەیرانە رزگارمان بێت".

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی