شێخ جه‌عفه‌ر: ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می شاخ بوایه‌ گرووپەی یەکێتی ڕمی ده‌كران و جه‌لال تاڵه‌بانیش ئه‌م سزایه‌ی ده‌دان

یەک شەممە, 31 کانونی یەکەم 2017 12:02

 

فەرماندەی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی یه‌كێتی وەڵامی کادیرێکی پێشکەوتووی حیزبه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو گروپه‌كه‌ی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناوی ده‌برێت و ده‌ڵێت: ئەگەر لەسەردەمی شاخدا ئەوەیان بکردایە، ھاوکاری حکوومەتی عێراقی بکەن، ئەوا ھەموویان ڕەمی دەکران و دەکوژران، ئەگەر مام جەلالیش بمایە، ھەموویانی وەک خائین سزا دەدا". 

لە ماوەی ڕابردوودا ئاراس جەنگی ئاماژەی بەوە دابوو، پێش هێرشەکەی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر کەرکووک، چووەتە لای شێخ جەعفەر و لە هێرشی هێزە عێراقییەکان و میلیشیاکان ئاگاداری کردوونەتەوە، بەڵام شێخ جەعفەر پێی وتووە: ”سوپای عیراق هێرش ناكات، چونكه‌ هه‌ندێك شت هه‌یه‌ من ده‌یزانم تۆ نایزانی".

شێخ جەعفەر، فەرماندەی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگه‌ی یه‌كێتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئه‌و حیزبه‌ به‌ دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: ”ئاراسی شێخ جەنگی زۆر سەھووە، ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکانە نەک کولاندنەوەی، بەڵام دەبوو ئاراسی شێخ جەنگی باسی ئەوە بکات کە من دەمزانی ھێرش دەکرێت، چونکە ئەمریکییەکان پێشتر پێیان گوتم، بەڵام ئەو بە ئێمەی گوت بەرگری مەکەن با سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بێنە کەرکووک“.

 وتویه‌تیشی: ”ئێمە پێمان گوت سازش لەسەر یەک بست خاکی کوردستان ناکەین و بێ بەرگری چۆڵی ناکەین“.

 ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتویه‌تیشی: ”دەبووایە ئاراسی شێخ جەنگی باسی ڕۆڵی خراپی خۆی بکات کە کۆبوونەوەی لەگەڵ عێراق و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کرد لە پێشتر تا بیانھێنێتە کەرکووک، بەڵام دوبارەی دەکەمەوە کاتی کولاندنەوەی ئەو برینانە نییە".

 باسیشی لەوە کردووە کە ئەگەر ڕۆژێک ئەم دۆخە نالەبارەی کوردستان نەمێنێت، ”دادگایەکی نیشتمانی پێکبھێنرێت، دەبێت لە دونیادا سزای خائین چییە، ئەوانیش ھەمان سزا بدرێن". دەشڵێت: “ئەم گرووپەی یەکێتی ئەگەر لەسەردەمی شاخدا ئەوەیان بکردایە، ھاوکاری حکوومەتی عێراقی بکەن، ئەوا ھەموویان ڕەمی دەکران و دەکوژران، ئەگەر مام جەلالیش بمایە، ھەموویانی وەک خائین سزا دەدا".

 لە کۆتایی قسەکانیشیدا فەرماندەی هێزەکانی حەفتا داوای لێبووردنی لە خەڵکی کردووە، بەهۆی ئەوەی ”نەمتوانی ھەندێک وردتر ڕاستییەکان بڵێم، بەڵام دڵنیابن ڕۆژێک دێت ھەموویان بۆ باس دەکەم و ناوی ئەو خائینانە دەھێنم".

 

م-ع-كانی