هێزه‌كانی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێندرێنه‌وه‌

دوو شەممە, 01 کانونی دووەم 2018 09:41

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی ده‌نێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ورده‌كاری زیاتر ئاشكرا ده‌كات.


فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: بەگوێرەی مادەی 10ی بەشی چوارەمی پڕۆژەیاسا چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێم، یەكەكانی ژمێریاریی هێزەكانی 70 و 80 هەڵدەوەشێتەوەو لەیەك یەكەی ژمێریاری رێك دەخرێنەوەو دەگوازرێنەوە بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: ئەو پڕۆژەیاسایەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كراوە، دوای ئەوەی لەپەرلەمانی كوردستانیش پەسەند دەكرێت و دەبێت بەبڕیار، ناچارین لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە جێبەجێی بكەین.

به‌رپرسكه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایكرد، پڕۆژەكە ماوەی سێ مانگی بۆ دانراوە بۆئەوەی جێبەجێبكرێت، هەر خاڵێكی تێدایە پەیوەندیدار بەوەزارەتی پێشمەرگەوە هەمووی جێبەجێ دەكرێت.


سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌، مەحمود حاجی عومەر ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەو شەهیدان لەپەرلەمانی كوردستان به‌ میدیایه‌كی نزیك له‌ یه‌كێتی راگەیاندووه‌: ئەو پڕۆژەیەی حكومەت هەنگاونانە بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و زیادكردنی داهات، بەڵام ئەوكاتە دڵخۆشمان دەكات كە بەشێوەیەكی پراكتیكی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەندامه‌كه‌ی لیژنەی پێشمەرگەو شەهیدان لەپەرلەمانی كوردستان وتیشی: پێموایە ئه‌و كاره‌ ئاسان نییە، چونكە لەڕابردوودا ئیرادەیەكی بەهێز نەبووەو ئێستاش لەناچاریدا دەكرێت.

مەحمود حاجی عومەر ده‌ڵێت: ئەگەر نیەتێكی جدی هەبێت، دەبێت یەكەی 70 و 80ی پێشمەرگە هەڵوەشێتەوەو ئەوەی پێویستی بەخانەنشین هەیە خانەنشین بكرێت، ئەوەشی توانای دەوامكردنی هەیە، لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەوام بكات.

ئەو پەلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی یەكەی ژمێریاریی هێزەكانی 70 و 80 سەركەوتوو بێت، كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو هێزەش دەكرێت.

 

ش.م