لاهور شێخ جەنگی هەڕەشە دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی دوزخورماتو لە ماوەی دوو هەفتەدا

چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 06:46


لاهور شێخ جەنگی سەركردەی دیاری یەكێتی و بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری ڕایدەگەیەنێت یەكێتی بەم سەركردایەتیەی ئێستاوە ناتوانێت بچێتە هەڵبژاردنەوە، هەڕەشەی ئەوەش دەكات ئەگەر تاوەكو دوو هەفتەی تر دۆخی دوزخورماتو ئاسیی نەكرێتەوە و ئاواڕەكان نەگەڕێننەوە هەڵوێستی دیكەمان دەبێتو ئاشكراشی دەكات مەسعود بارزانی داوای لێبوردنی لە قاسم سولەیمانی كردووە.


لاهور شێخ جەنگی لە میانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگیڵ ئاژانسی فورات نیوز سەر بە پەكەكە لەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم دەڵێت " ئەوەی دەڵێت ئەمریكا پشتی بەرداین لە ڕیفراندۆمدا درۆ دەكات، ئەوەی درۆی كرد ئەمریكا نەبوو سەركردایەتی سیاسی كورد بوو، ئەمریكا لە ڕێگەی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكاوە راشكاوانە وتی ئێمە لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نین و لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەداین كەخاكی عێراق یەك پارچە بێت، بۆ ئەوەش بەدیلی ئەوەیان داینێ‌ كە ئەگەر لەماوەی یەك ساڵدا عێراق مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستانی جێبەجێ‌ نەكرد، ئەوە ئیمە پشتگیریتان دەكەین بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەوە بەدیلێكی باش بوو، بەڵام ئەوسەركردایەتییە سیاسییەی كە پێشڕەوی ڕیفراندۆمیان دەكرد درۆیان لەگەڵ خەڵك كرد ئەو بەدیلەیان بەخەڵك نەوت".


هەوەرك ئاشكرای دەكات كە لە 24-12-2017 قاسم سولەیمانی سەردانی مەسعود بارزانی كردووە، بارزانی داوای لێبوردنی لە سولەیمانی كردووە دەربارەی ڕیفراندۆم و وتوویەتی، داوای لێبوردن دەكەین ئێمە هەڵە بووین لە ڕیفراندۆمدا، داواشی لێكردووە پەیوەندیەكانی ئێران و هەرێم ئاسایی ببێتەوە.


دەربارەی شاری كەركوكیش دیڵێا بەشێوەیەكی تاكتیكی كشاونەتەوە و ، ئەگەر حكومەتی عێراقیش بەپێی دەستور هەڵسوكەوت نەكات، ئەوە ئەوان بەهەر ڕێگەیەكی تر بێت دەگەڕێنەوە كەركوك.

لاهوری شێخ جەنگی ئاماژە بە خراپی بارودۆخی ناو یەكێتی دەكات و دەڵێت، ئەو سەركردایەتییەی ئێستا هەڵەی گەورەیان كردووە لە ڕابردوودا كە یەكێتی و گەلی كوردیش باجەكەی داوە، دەشڵێت بەم سەركردایەتییەی ئێستاوە ناتوانین بچینە هەڵبژاردنەوە، دەبێت سەركردایەتییەكی نوێ‌ هەڵبژێرین كەخوێنی تازە و دەنگی تازەی تێدابێت، بۆ ئەوەش دەبێت كۆنگرە ببەسترێت یان پلنیۆم بكرێت.


لەبارەی كێشەكانی خورماتوو-ەوە دەڵێت، كە ئەوەی لە خورماتوو ڕوودەدات ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە سەقەتەبوو كە ئەنجاممان دا، دەشڵێت: ئەمریكا و توركیامان ئاگادار كردووەتەوە كە دۆخی خورماتوو قابیلی قبوڵ نییە ئەگەر تا دوو هەفتەی تر ئاوارەكان نەگەڕێنەوە و دۆخەكە ئاسای نەكرێتەوە، ئەوا ئێمە بێدەنگ نابین و ڕێگەی تر دەگرێنە بەر.