سەفین دزەیی: دووموچە و سێ موچە لەهەرێمی كوردستان بەپێی یاسا ڕێكخراوە

چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 09:05

 

وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر حكومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێم ئەوە گەمەیە و لەهەرێمی كوردستاندا دوو موچە و سێ موچە بەپێی یاسا ڕێكخراوە.

 

سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند:" ئێستا باس لەناردنی موچە ناكرێت بەڵكو ئەوەی هەیە پێكهێنانی لیژنەیەكە لەبەغداد لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرە گشتیەكان بەمەبەستی پێداچونەوەی میلاكی وەزارەتەكان بۆ ئەو مەبەستەش داوای نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەیان لەهەرێم كرد نوسراوی فەرمی حكومەتی عێراقی لەو ڕوەوە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كرا،حكومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی نواند لەسەر ناردنی بەڕێوەبەری پلاندانان لەهەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە".

 


سەفین دزەیی وتیشی: هیوادارین بەغداد موچەی سەجەم وەزارەتەكان بنێرێت چونكە ناردنی موچە و بەشە بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم واتای جێ بەجێ كردنی دەستور و ئەو ڕێكەوتننامانەی پێشتر لەنێوان بەغداد و هەولێردا هەبووە ئەگەرنا دانی موچە واتای خێركردن كردن نیە بەهەرێم یا وەزارەتی پەروەردا یاخود وەزارەتی تەندروستی ئەوە لەو شایستە داراییانەیە كەمافی هەرێمە.

 


دەربارەی داواكاری بەغداد بۆ پێداچوونەوە بە لیستی فەرمانبەرانی هەرێم، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:" ڕاستە ڕەنگە لەهەرێمی كوردستان دوو موچە و سێ موچە هەبێت بەڵام ئەوە بەخودی یاسا ڕێكخراوە تەنانەت لەخودی عیراقیش ئەوە بەیاسا ڕێكخراوە، بۆ نمونە كەم ئەندام و زیندانی سیاسی كە مینحەیەكیان هەیە بەڵام دواجار كە بەیاسا ئەو مینحەیەی پێدرابێت ئەوە ڕەوایە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم پڕۆژەیەكی چاكسازی ئامادەكردووە بۆ پێداچونەوە بەو مینحانەدا."

 


ئاماژەی بەوەش كرد:" ئەگەر هاتە سەر ئەوەی بەغداد وتی من موچە دەدەمە فەرمانبەران و موچە خۆرانی تەندروستی یا پەروەردە ڕاستەوخۆ بێ حكومەتی هەرێم ئەوە بەڕاستی ئەو گەمەیە نابێت بەهەست و قوتی خەڵك بكرێت و هەروەك چۆن لەپێشوتر لەڕێگای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەشە بودجە دەنێردرا ئاواش ئەمجارە بەوجۆرە، بەڵام ئەگەر هەر هاتە سەر ئەو مەرجە ئەوە ئەكات هەوڵی چارەسەركردنی ئەوەش بەڕێگای گفتوگۆدەدەین."

 

 

 

 

 

س ب