عه‌بادی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی ڕاگه‌یاند

چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 10:28

حه‌یده‌ر عه‌بادی داهاتی سێ مانگی رابردووی هه‌رێم له‌ فرۆشتنی نه‌وت ئاشكرا ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت: موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كه‌ین و كێشه‌كانیش له‌باره‌ی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، رێگر نابێت له‌به‌رده‌م ره‌وانه‌كردنی موچه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه‌یدا، له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجامیدان رایگه‌یاند:" لیژنه‌كانی تایبه‌ت به‌ وردبینیكردنی لیستی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، له‌كاره‌كانیان به‌رده‌وامن و سه‌رباری هه‌بوونی كێشه‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌، به‌ڵام نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م ره‌وانه‌كردنی موچه‌كانیان و له‌ئێستاشدا كارده‌كه‌ین بۆ ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی هه‌رێم.

عه‌بادی ئاشكراشیكرد، داهاتی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ سێ مانگی رابردوودا، نزیكه‌ی دوو ترلیۆن دینار بووه‌، كه‌ داهاتی هه‌ر مانگێك نزیكه‌ی 544 ملیار دینار بووه‌، جگه‌ له‌ داهاتی ناوخۆو گومرگ و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان، به‌مه‌ش ده‌توانێت زیاتر له‌ 80%ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی دابین بكات.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، سه‌رسوڕمانی خۆی نیشاندا كه‌ سه‌رباری ئه‌و داهاته‌ی زۆره‌ی هه‌رێم، به‌ڵام ناتوانێت موچه‌ی ته‌واوه‌تی فه‌رمانبه‌ره‌كانی بدات، راشیگه‌یاند:" نازانین ئه‌و داهاته‌ی هه‌رێم له‌ فرۆشتنی نه‌وت ده‌ستی ده‌كه‌وێت، بۆ كوێ ده‌ێت و بۆچی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نادات، ماوه‌ی سێ ساڵیش نه‌وتی كه‌ركوكیان فرۆشت، به‌ڵام نازانرێت داهاته‌كه‌ی چی لێهاتووه‌و بۆچی ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێم نه‌بووه‌.

عه‌بادی راشیگه‌یاند:" له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، بڕیاردرا به‌ ته‌رخانكردنی بڕی 100 ملیار دۆلار بۆ پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق، كه‌ ماوه‌ی 10 ساڵ ده‌خایه‌نێت".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، وتیشی: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا رۆژێكی دیكه‌ بۆ خشته‌ی پشووه‌ فه‌رمییه‌كان به‌ناوی رۆژی رزگاری، زیاد بكرێت.

 

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی