سلێمانی...خشتە و نرخی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان دیاریكرا

چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 11:29

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە مانگی كانوونی یەكەم ٤٣ دینار دەبێت هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی كانوونی دووەم دیاریكرا.

سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانیكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" بەپێی خشتەی بەرنامەی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی ١، بەیانیان لە كاتژمێر ٧ بۆ ٨:٣٠ و عەسران لە ٢:٣٠ بۆ ١ی شەو كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت"

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئەوەشی وتووە" كارەبای بەیانیان لە رۆژانی هەینی دەگوازرێتەوە بۆ دوانیوەروان، واتە لە كاتژمێر ١ی نیوەڕۆوە كار بە مۆلیدەكان دەكرێت و كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن، هەروەها بەرنامەی مۆلیدەی گوندەكانی سنووری سلێمانی، ڕۆژانە لە ٧ی بەیانی بۆ ١٢ی نیوەڕۆ كار دەكەن"

سیروان محمد ئاماژەی بەوەش كردووە" نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلیلەمانگی 12ی رابردودا بە ٤٣ دینار دیاریكراوە وكاتژمێری كارپێكردنی مۆلیدەكانیش لە گەڕەكەكاندا جیاوازە، بە گشتی لە نێوان ٢٣٠ -٢٦٠ كاتژمێرە بۆ مانگێك، واتە ئەگەر مۆلیدەیەك ٢٥٠ كاتژمێر كاری كردبێت ئەوا بڕی ١٠ هەزار و ٧٥٠ دینار دەبێت بۆ ئەمپێرێك، بۆیە نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە. "


أ.س