بەغدا مووچه‌ی‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ده‌كات

چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 16:03



حكومه‌تی‌ عیراق ئاماده‌یی خۆی‌ نیشاندا به‌چه‌ند قۆناغێك مووچه‌ی‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕه‌وانه ‌بكات و وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ عیراقیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاریی گرنگ ئاشكراده‌كات.

سه‌عد حه‌دیسی‌ وته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ حكومه‌تی‌ عیراق له ‌لێدوانێكیدا بە snn ی راگه‌یاندووە "ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ كه‌ پێكهێنراوه‌ بۆ وردبینی‌ له ‌ناوو ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ په‌روه‌ده‌و ته‌ندروستی‌ هه‌رێم، سبه‌ینێ‌ پێنجشه‌ممه‌ كۆده‌بێته‌وه‌و كاره‌كانی‌ خۆی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ پراكتیكی‌ ده‌ستپێده‌كات".

 

دەشڵێت:"ئه‌و وردبینیه‌ی‌ كه‌ لیژنه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له ‌ناوو ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ په‌روه‌ده‌و ته‌ندروستیدا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌تایی ده‌بێت، ئه‌ویش له‌پێناوی ئه‌وه‌ی‌ به ‌زوترین كات مووچه‌ بگاته‌ ده‌ستی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم".

 

حەدیسی روونیشیكردۆتەوە کە حكومه‌ت چاوەڕوانی‌ ئه‌وه ‌ناكات وردبینی‌ له ‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كاندا ته‌واوبكات دواتر مووچه‌ بنێرێت، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و دەڵێت‌: "وردبینی‌ له ‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كاندا درێژه‌ ده‌كێشێت و حكومه‌ت نایه‌وێت فه‌رمانبه‌ران له ‌چاوڕوانیدا بهێڵێته‌وه‌".

 

حه‌دیسی‌ جه‌ختیشی‌ له‌وه ‌كردۆتەوە کە "حكومه‌ت وه‌ك نیازپاكییه‌ك چۆن له ‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ به‌نداوه‌كانی‌ ره‌وانه‌ كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ش دوای‌ وردبینی‌ له ‌ناوو ژماره‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌، راسته‌وخۆ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ ره‌وانه‌ ده‌كات، دواتر قۆناغ به ‌قۆناغ ده‌ستده‌كرێت به ‌وردبینی‌ له ‌وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمداو ره‌وانه‌كردنی‌ مووچه‌كانیان".