حكومەتی عێراق لەبارەی ناردنی موچەوە نوسراوێك ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات

چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 16:08
 
 
وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە لەسەر دەنگۆی ناردنی مووچەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادەوە بەتایبەت هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی و ڕایدەگەیەنێت، ئێستا بەغداد ئەو هەنگاوەی ناوە، ناكرێت ئێمە گومانی لێبكەین.
 

سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی (دەنگی ئەمریكا) ڕایگەیاندوە، "ئێستا باس لەناردنی مووچە ناكرێت، بەڵكو ئەوەی هەیە پێكهێنانی لیژنەیەكە لەبەغداد لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرە گشتیەكان بەمەبەستی پێداچونەوەی میلاكی وەزارەتەكان بۆ ئەو مەبەستەش داوای نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەیان لەهەرێم كرد، نوسراوی فەرمی حكومەتی عیراقی لەو ڕوەوە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كرا، حكومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی نواند لەسەر ناردنی بەڕێوەبەری پلاندانان لەهەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە".


لەدوای پڕۆسەی ڕیفراندۆمەكەی (٢٥)ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بەردەوام بەغداد باسی لەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردوە سەبارەت بەوەی ئایا بەغداد ئەمجارە بەكردار مووچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەنێرێت؟ سەفین دزەیی وتی، "ئێمە لەسەرەتای ئەو ناكۆكیانە و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم بەردەوام لەهەوڵی ئەوەداین، كە كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت، بۆیە، كە ئێستا بەغداد ئەو هەنگاوەی ناوە ناكرێت ئێمە ئەو گومانەی لێبكەین".


وتیشی، "هیوادارین بەغداد مووچەی ئەو وەزارەتانە و وەزارەتەكانیش بنێرێت، چونكە ناردنی مووچە و بەشە بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم واتای جێبەجێ كردنی دەستور و ئەو ڕێكەوتننامانەی پێشتر لەنێوان بەغداد و هەولێردا هەبووە ئەگەرنا دانی مووچە واتای سەدەقە كردن نیە بەهەرێم یا وەزارەتی پەروەردا یاخود وەزارەتی تەندروستی ئەوە لەو شایستە داراییانەیە كە مافی هەرێمە".


دەربارەی داواكاری بەغداد بۆ پێداچوونەوە بە لیستی فەرمانبەرانی هەرێم، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی، "ڕاستە ڕەنگە لەهەرێمی كوردستان دوو مووچە و سێ مووچە هەبێت، بەڵام ئەوە بەخودی یاسا ڕێكخراوە تەنانەت لەخودی عیراقیش ئەوە بەیاسا ڕێكخراوە، بۆ نمونە كەمئەندام و زیندانی سیاسی، كە مینحەیەكیان هەیە، بەڵام دواجار كە بەیاسا ئەو مینحەیەی پێدرابێت ئەوە ڕەوایە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم پڕۆژەیەكی چاكسازی ئامادەكردووە بۆ پێداچونەوە بەو مینحانەدا.


سەفین دزەیی وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئەگەر حكومەتی عیراق مەرجی ئەوەبوو، كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خۆی ڕاستەوخۆ دابەشی بكات لەدەرەوەی حكومەتی هەرێم؟سەفین دزەیی وتی، "حكومەتی هەرێم هەمیشە هەوڵی داوە مامەڵەی بەغداد لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بێت هەروەك چۆن بەندی دەستوری ئەوەی بۆ دیاریكردووە، چونكە حكومەتی هەرێم قەوارەیەكی یاسایی و دەستوریە".


وتیشی، "ئەگەر هاتە سەر ئەوەی بەغداد وتی، من مووچە دەدەمە فەرمانبەران و مووچە خۆرانی تەندروستی یا پەروەردە ڕاستەوخۆ بێ حكومەتی هەرێم ئەوە بەڕاستی ئەو گەمەیە نابێت بەهەست و قوتی خەڵك بكرێت.


جەختیشیكردەوە، هەروەك چۆن لەپێشوتر لەڕێگای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەشە بودجە دەنێردرا ئاواش ئەمجارە بەوجۆرە، بەڵام ئەگەر هەر هاتە سەر ئەو مەرجە ئەوە ئەكات هەوڵی چارەسەركردنی ئەوەش بەڕێگای گفتوگۆدەدەین".


سەفین دزەیی لەبارەی كاتی دەسپێكردنی گفتوگۆكان لەنێوان هەولێر و بەغداد، وتی، "لەم ماوەیەی ڕابردوودا چەند جارێك لەسەر ئاستی ئەمنی و هەروەها ئاستی بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و پاسپۆڕت ئەنجامدرا، هەفتەی ڕابردوش وەفدێكی حكومەتی بەغداد لەهەولێربوون، هەروەها بەو وتار و لێدوانانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو كەش و هەوایەكی ئەرێنی دروستكردووە هیواداین ئەوە بەتەنها بە گوتار نەبێت بەكرداریش بێت".