دوایین زانیاری لەبارەی دابه‌شكردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌وە بڵاوده‌كرێتەوە

چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 16:09

 

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئه‌یلولی به‌شێكی هێزه‌كان ده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت: "چاوه‌ڕوانی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ن بۆ ته‌رخانكردنی پاره‌" و ره‌تیشیده‌كاته‌وه‌، مووچه‌ی هیچ یه‌كه‌یه‌ك راگیرابێت.


فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راگه‌یاندووە "مووچه‌ی هیچ یه‌كه‌یه‌كی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ رانه‌گیراوه‌، به‌ڵكو ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌، ته‌نها به‌شی 14 لیوا هاوبه‌شه‌كه‌ی كردووه‌".

 

دەشڵێت: "تائێستا پێنج فه‌وجه‌ سه‌ربه‌خۆكه‌و ناوه‌ندی مه‌شقه‌كان و دیوانی وه‌زاره‌ت هیچ كامیان مووچه‌ی مانگی ئه‌یلولی 2017 یان وه‌رنه‌گرتووه‌".

 

ئەمینداری وەزارەتەکە ڕه‌تیشیكردۆتەوە کە مووچه‌ی هیچ یه‌كه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راگیرابێت و ده‌ڵێت: "مووچه‌كان رانه‌گیراون و بڕیاره‌ پاره‌ی دیكه‌ بۆ مووچه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ته‌رخان بكرێت".

 

یاوه‌ر ئەوەشی ئاشکراکرد کە "به‌گشتیی به‌شێكی هێزه‌كانی 70و به‌شێكی هێزه‌كانی 80ش مووچه‌یان پێ دراوه‌و به‌شێكیشیان نه‌دراون، هۆكاری ئه‌وه‌ش كه‌ تائێستا به‌ته‌واوی مووچه‌كه‌ نه‌دراوه‌ نه‌بوونی پاره‌یه‌".