"دوای پەروەردە و تەندروستی لیستی موچەی وەزارەتەكانی تر وردبینی دەكرێت"

هەینی, 05 کانونی دووەم 2018 15:00

 

 

ئەندامێكی شاندی هاوبەشی گۆڕان، كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری دەڵێت، لە كۆبوونەوەكانیان بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتووە كە وردبینی كردنی موچە بۆ ئەوەیە كە بەردەوام موچە رەوانەی هەرێم بكرێت نەك تەنها بۆ ماوەیەكی كاتی.

ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیان لەوەكردوەتەوە، كە پرۆسەی وردبینی لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خێراتر بكرێت و لە كەمترین ماوەدا موچەكە رەوانە بكرێت. وتیشی: داوایان كردووە ئەو موچەیە بەردەوام بێت، نەك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.

ئەو ئەندامەی شاندی هاوبەشی گۆڕان، كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری باسی لەوەشكرد، عەبادی بەڵێنی داوە كە ئەو وردبینیەی بۆ لیستی موچەخۆران دەكرێت، بۆ ئەوەیە كە رەوانە كردنی موچە بەردەوام بێت و هەوڵ دەدەن بە خێراترین كات موچەكە رەوانە بكەن.

باسی لەوەشكرد: دوای‌ وەزارتەكانی‌ پەروەردە و تەندروستی‌ وردبینیكردن لە ناوی‌ فەرمانبەرانی‌ وەزارتەكانی‌ تری‌ حكومەتی‌ هەرێم دەستپێدەكات.

سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمیش وتی: عەبادی بەڵێنی داوە كە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكات، بۆ ئەوەی بە زەوترین كات پارە بگاتە دەست جوتیاران.